ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکی: بەڵگەم هەیە هاوسەرەکەی سەرۆکی فڕەنسا پیاوە

:: PM:08:46:02/06/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم دووی حوزەیرانی 2026، ڕۆژنامەنووس و بلۆگەرێکی ئەمەریکی بە ناوی کاندیس ئۆوێنز ڕای گەیاند، بەڵگەی سەلمێنەری دەست کەوتووە کە دەیسەلمێنێت بڕیژیت ماکرۆن هاوسەری ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فڕەنسا، لە بنەڕەتدا پیاوە.

ئۆوێنز لە لێدوانێکدا گوتی، لێکۆڵینەوەکە ئێستە تەواو بووە و هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە بڕیژیت ماکرۆن پیاوە. لە شێوازی مندا نییە تیۆریی پیلانگێڕیی بێمانا بڵاو بکەمەوە. من بەدواداچوونم بۆ ئەم بابەتە کردووە و دەڵێم: ئەو مامۆستای ئیمانوێلە.

زیاتر گوتی، ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە بڕیژیت سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار نەکردم لەبەر ئەوەی بە پیاو ناوم بردووە، بەڵکو سکاڵای تۆمار کردووە چونکە گوتوومە بەڵگەنامەکانی خوشک یان براکەی دزیوە، ئەمە شێتییەکی تەواوە.

ئۆوێنز کەسایەتییەکی پارێزگاری ئەمەریکایە و پێشکەشکاری پۆدکاستێکی بەناوبانگە کە زیاتر لە شەش ملیۆن سەبسکرایبەری لە کەناڵی یوتیووبەکەی هەیە. لە مانگی ئاداری ساڵی 2024ەوە چەندان جار دووپاتی کردووەتەوە کە بڕیژیت ماکرۆن پێشتر وەک نێر لەدایک بووە.

لە بەرانبەر ئەمەدا، خێزانی ماکرۆن سکاڵایەکی یاساییان لەسەر ناوزڕاندن لە ئەمەریکا لە دژی ئەو بلۆگەرە تۆمار کردووە کە بانگەشەی ئەوە دەکات بڕیژیت ڕەگەزی خۆی گۆڕیوە. بڕیاریشە پارێزەری خێزانەکە لە ئەمەریکا بەڵگە و وێنەی "زانستی" پێشکەش بکات بۆ سەلماندنی ئەوەی کە بڕیژیت ڕەگەزی خۆی نەگۆڕیوە.


وشە - پۆڵا مەحموود