عێراق بووە جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان

:: PM:09:10:02/06/2026 ‌

ئەمڕۆ سێشەم كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان عێراقی وەك جێگری سەرۆكی كۆمەڵەكە بۆ 81مین خولی دیاری كرد، ئەوەش لە میانەی ئەو هەڵبژاردنەی لە بارەگەی كۆمەڵەكە لە نیویۆرك لە ئەمەریكا هاتە سازكردن.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەڵبژاردنی عێراق رەنگدانەوەی متمانەپێكردن بە عێراقە لە لایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق دووپاتی كردەوە كە عێراق چاوی لەوەیە لە رێگەی ئەو پۆستە كاراتر كار بۆ پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی لە پەرەپێدانی بەردەوام بۆ ساڵی 2030 بكات، بەشداری لە پەرەپێدانی شێوازی كاری كۆمەڵەكە و زیادكردنی تواناكانی بكات، جیا لە بەهێزكردنی رۆڵی عێراق و پێگەكەی لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی.  

هەر بەپێی بەیاننامەكە ئەو دەستكەوتە بەرهەمی سیاسەتی دەرەوەی هاوسەنگ و میانرەوی حكوومەتی عێراق و هەوڵە دیپلۆماسییەكانی وەزارەتی دەرەوەیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتیی هەمیشەیی عێراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، بۆیە هەڵبژاردنی عێراق وەك جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ 81مین خولی، دەستكەوتێكی گرنگی دیپلۆماسییە و پێگەكەی لەناو نەتەوە یەكگرتووەكان بەهێزتر دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل