ترەمپ ڕاگرتنی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران ڕەت دەکاتەوە

:: PM:10:15:02/06/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم دووی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕاگرتنی گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و ئێرانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەت کردەوە و ئەو ڕاپۆرتانەی بە "درۆ و هەڵە" وەسف کرد، دووپاتیشی کردەوە کە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بەردەوام بوون.

ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" ڕای گەیاندووە کە گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران پێش چوار ڕۆژ، سێ ڕۆژ، دوو ڕۆژ و یەک ڕۆژ ئەنجام دراون، و ئەمڕۆش بەردەوام بوون. سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش داوە کە ئاراستەی ئەو گفتوگۆیانە هێشتا ڕوون نییە و دەڵێت کەس نازانێت ئەم گفتوگۆیانە بەرەو کوێ دەچن.

ترەمپ دووپاتی کردەوە کە بە ئێرانی ڕاگەیاندووە کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتن هاتووە، زیاتر گوتی، کاتی ئەوە هاتووە، بەم شێوەیە یان بە شێوەیەکی تر، ڕێککەوتنێک بکرێت. ئێوە 47 ساڵە ئەمە دەکەن، و ناکرێت ڕێگە بدرێت بۆ ماوەیەکی زیاتر بەردەوام بێت.

ئەمە لە کاتێکدایە ئاژانسێکی ئێرانی بڵاوی کردبووەوە کە ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە نێوان ئێران و ئەمەریکا بەمەبەستی گەیشتن بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتن بۆ کۆتایهێنان بە ململانێکان لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە وەستاوە. پێشتریش سەرچاوەیەکی نزیک لە شاندی دانوستانکاری ئێران ئاشکرای کردبوو کە دەقی یاداشتی لێکتێگەیشتنی پێشنیازکراو لە نێوان ئێران و ئەمەریکا هێشتا لە تاران لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، و لایەنی ئێرانی تا ئێستە هیچ وەڵامێکی فەرمیی نەناردووە.

لە بەرانبەردا، مارکۆ ڕووبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بوونی پێشکەوتنی لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە ڕاگەیاند. ڕووبیۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی، ئێرانییەکان ڕازی بوون لەسەر وازهێنان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیان گفتوگۆ بکەن، و ئەمەریکاش ئێستە لەسەر چەندان خاڵی دۆسیەی ئەتۆمی دانوستان لەگەڵ ئێران دەکات کە پێشتر تاران ڕەتی دەکردەوە باسیان بکات.

دوێنێ دووشەم، ترەمپ دووپاتی کردەوە کە هیچ وەڵامێکی لە ئێرانەوە پێنەگەیشتووە سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی باس لە ڕاگرتنی گفتوگۆکان دەکەن. ئەو لێدوانەی ترەمپ دوای چەند سەعاتێک هات لەوەی میدیاکانی ئێران ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕی پەیامەکانیان لەگەڵ واشنتن دووپات کردەوە، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بۆردمانی ئیسرائیل لە لبنان.


وشە - پۆڵا مەحموود