لە ماوەی ئەم هەفتەیە سەرۆكی ئەمەریكا تۆم باراكی وەك نێردراوی تایبەتیی سەرۆكایەتی لە عێراق و سووریا دیاری كرد، هەر لەو هەفتەیە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق چەند هەنگاوێكی لە بابەتی داماڵینی چەك نا، باراك ستایشی هەنگاوەكانی زەیدی و دەستخۆشی لەو گرووپانە دەكات.
تۆم باراك لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بەهۆی دەست پێكردنی هەنگاوەكانی لەبارەی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت، بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری و چەسپاندنی سەقامگیریی بەردەوام.
باراك دووپاتی كردەوە كە دەستخۆشی لەو گرووپانە دەكەین كە بڕیارێكی سەرەتاییان دا بە گەڕاندنەوەی چەكەكانیان بۆ دەوڵەتی عێراقی، ئەو بڕیارەی دەكرێ ببێتە هۆی بنیاتنانەوەی سیستم سەقامگیری لەو وڵاتە و بنیاتنانەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست هات تەنیا سەرەتایە.
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژە دەكات كە زەیدی پلانێكی بۆ ئەمەریكییەكان خستووەتە روو، بەوەی كۆمپانیاكانی ئەمەریكا چەندان پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە عێراق جێبەجێ بكەن لە بەرانبەر رێگەدان و ئاسانكردنی پرۆسەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان، واتە كردنی ئەو دۆسیە لە تەنگژەیەكی تەناهییەوە بۆ رێككەوتنێكی سیاسی و ئابووری لە رێگەی دابینكردنی بژارەی تر بۆ ئەندامانی ئەو گرووپانە وەك هەلی كار و پڕۆژەكان، بۆ رێگرتن لە پەرەسەندنی دۆخەكە لەگەڵیان و نەهێشتنی رەتكردنەوەیان بۆ دانانی چەك.