واشنتن: تا شوێنی یۆرانیۆمی ئێران دیاری نەكرێ گەرووی هورمز ناكرێتەوە

:: PM:05:16:03/06/2026 ‌

كردنەوەی گەرووی هورمز ئامانجێكی هاوبەشی هەریەك لە ئێران و ئەمەریكا و وڵاتانی كەنداوە و تەواوی وڵاتانی دنیا چاویان لە ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی دەریاییە لە گەرووەكە، كە ئێران لە دوای دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا لە 28ی شوباتی رابردوو دای خستووە، ئەمەریكاش بۆ ناچاركردنی ئێران بۆ كردنەوەی، گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەكانی ئێران و گەرووەكەش، واشنتن بە تارانی راگەیاندووە بەر لە زانینی شوێنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەكەی گەرووەكە ناكرێتەوە.

بەپێی رۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم"ی ئیسرائیلی، ئەمەریكا لە دەسەڵاتدارانی ئێرانی راگەیاندووە كە گەرووی هورمز ناكاتەوە بەر لە رادەستكردنی زانیاریی تەواو لەبارەی پێگە ئەتۆمی و یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەكەی، داوای روونكردنەوەی لەبارەی شوێنی یۆرانیۆمەكە كردووە بەر لە راگەیاندنی هیچ رێككەوتنێك. 

ئەمڕۆ چوارشەم دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پەیامێكی لەبارەی ئێران  بڵاو كردەوە و گوتی، لەوانەیە لە قۆناغێكدا لەگەڵ موجتەبا خامنەیی كۆ ببمەوە، ترەمپ دووپاتی كردەوە، لەبارەی ئێران بابەتەكان زۆر بە خێرایی بەڕێوە دەچن و زۆرباش دەبێت، ترەمپ لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا ئاماژەی كرد، ئێران رازی بووە بەوەی چەكی ئەتۆمی نەبێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل