فایەق زێدان داوا لە گرووپەكانی تری چەكداری دەكات چەك داماڵن

:: PM:05:30:03/06/2026 ‌

لە دوای پشووەكانی جەژنی قوربان پرۆسەی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی لای دەوڵەت لە عێراق دەستی پێ كردووە، سەرەتا سرییەكانی سەلام و دوای ئەو گرووپی عەسائیب و دواتر كەتیبەكانی ئیمام عەلی، ئەوان دابرانی سیاسییان لە باڵە سەربازییەكانیان و رادەستكردنەوەی چەكەكانیان بۆ دەوڵەت راگەیاند، ئەمڕۆ فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای لە گرووپەكانی تریش كرد خۆیان لە دەستەی حەشدی شەعبی داببڕن.

بەپێی بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق، زێدان سوپاسی رەوتی نیشتمانیی شیعە و بزاوی عەسائیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلی كرد بۆ وەڵامدانەوەی داواكاریی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی و جێبەجێكردنی یاسا و بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی و داواكانی عەقل و نیشتمانی بۆ داماڵینی چەك و هێشتنەوەی تەنیا لای دەوڵەت، كە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە لە 4/1/2026 دووپاتی لەسەر كردەوە.

بەپێی بەیاننامەكە زێدان داوای لە گرووپەكانی تری موقاوەمە كرد بۆ پێوەندیكردن بەو گرووپانەی لەسەر داماڵینی چەك رازی بوونە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی كۆمەڵگەیی و بەهێزكردنیان.

دوێنێ تۆم باراك نێردراوی تایبەتیی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بۆ عێراق و سووریا لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بەهۆی دەست پێكردنی هەنگاوەكانی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت، بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری و چەسپاندنی سەقامگیریی بەردەوام.

باراك دووپاتی كردەوە كە دەستخۆشی لەو گرووپانە دەكەین كە بڕیارێكی سەرەتاییان دا بە گەڕاندنەوەی چەكەكانیان بۆ دەوڵەتی عێراقی، ئەو بڕیارەی دەكرێ ببێتە هۆی بنیاتنانەوەی سیستم و سەقامگیری لەو وڵاتە و بنیاتنانەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست هاتووە تەنیا سەرەتایە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل