بزاوی نوجەبا داماڵینی چەك رەت دەكاتەوە

:: PM:06:51:03/06/2026 ‌

لە دوای جەژنی قوربان پرۆسەی داماڵینی چەكی گرووپە چەكدارەكان لە عێراق دەستی پێ كردووە، ئەگەرچی گومانێك هەیە بەشێك لەو گرووپانە وەك تاكتیك چەكەكانیان داماڵن و لە نێوان خۆیان لە بوونیان لەناو حكوومەت و مانەوە وەك بەرەی موقاوەمەت رۆڵیان دابەش كردبێت، بەڵام تا ئێستە پێشوازی لە بڕیاری داماڵینی چەكیان دەكرێت، ئەمڕۆ بزاوی نوجەبا رەتی كردەوە چەك داماڵێت.

بەپێی بەیاننامەیەكی بزاوەكە كە ئەمڕۆ چوارشەم هاتە بڵاوكردنەوە، دووپاتی لە هەڵوێستی كردەوە بەوەی چەكەكانیان پیرۆزە و بۆ بەرگریكردن لە عێراق و پیرۆزییەكانی و گەلەكەی بەكار هاتووە، هەڵوێستی موقاوەمەی ئیسلامی و بزاوەكە لەبارەی ئەو چەكەی بۆ بەرگریكردن لە عێراق و پیرۆزی و گەلەكەی هەیە، جێگیر و نەگۆڕە و ناشكۆڕێت، بۆیە هەڵوێستی نوجەبا روونە و بەو شێوەیە كە لە پۆستێكی پێشووی ئەكرەم كەعبی ئەمینداری گشتیی بزاوەكە لە 26ی ئایاری 2026دا هاتووە.    

ئەمڕۆ چوارشەم فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای لە گرووپەكانی تریش كرد خۆیان لە دەستەی حەشدی شەعبی داببڕن، زێدان سوپاسی رەوتی نیشتمانیی شیعە و بزاوی عەسائیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلی كرد بۆ وەڵامدانەوەی داواكاریی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی و جێبەجێكردنی یاسا و بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی و داواكانی عەقل و نیشتمانی بۆ داماڵینی چەك و هێشتنەوەی تەنیا لای دەوڵەت، كە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە لە 4/1/2026 دووپاتی لەسەر كردەوە.

بەپێی بەیاننامەكە زێدان داوای لە گرووپەكانی تری موقاوەمە كرد بۆ پێوەندیكردن بەو گرووپانەی لەسەر داماڵینی چەك رازی بوونە، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی كۆمەڵگەیی و بەهێزكردنیان.

دوێنێ تۆم باراك نێردراوی تایبەتیی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بۆ عێراق و سووریا لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بەهۆی دەست پێكردنی هەنگاوەكانی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی بە دەستی دەوڵەت، بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری و چەسپاندنی سەقامگیریی بەردەوام.

باراك دووپاتی كردەوە كە دەستخۆشی لەو گرووپانە دەكەین كە بڕیارێكی سەرەتاییان دا بە گەڕاندنەوەی چەكەكانیان بۆ دەوڵەتی عێراقی، ئەو بڕیارەی دەكرێ ببێتە هۆی بنیاتنانەوەی سیستم و سەقامگیری لەو وڵاتە و بنیاتنانەوەی دامەزراوەكانی دەوڵەت و ئەوەی ئەمڕۆ بەدەست هاتووە تەنیا سەرەتایە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل