ئەمڕۆ چوارشەم سێی حوزەیرانی 2026، میدیای ئیسرائیل وردەکاریی نوێی لەبارەی هەڵکشانی ئاڵۆزییەکانی ناو پێوەندییەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرا کرد.
بەپێی ماڵپەڕی "واڵا"ی ئیسرائیلی، ترەمپ هەڕەشەی لە سارا نەتەنیاهۆ کردووە کە هاوسەرەکەی دەخاتە گرتووخانەوە، یائیری کوڕیان لە میامی دەردەکات و سەروەت و سامانی خێزانەکەیان لە ئەمەریکا سڕ دەکات، ئەگەر نەتەنیاهۆ قایل نەکات بۆ پاشگەزبوونەوە لە پلانەکەی بۆ بەئامانجگرتنی باشووری بەیرووت لە لبنان.
ماڵپەڕەکە لە زاری ڕۆنی مانی، بازرگانێکی ئیسرائیلی کە پێشتر نزیک بووە لە خێزانی نەتەنیاهۆ، گواستوویەتیەوە کە زانیاریی تایبەتی لە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆشکی سپییەوە پێ گەیشتووە، دووپاتی دەکاتەوە کە ترەمپ پێوەندیی بە سارا نەتەنیاهۆوە کردووە و داوای لێ کردووە ئاگاداری نەتەنیاهۆ بێت، ئەگەرنا دەیخاتە زیندانەوە
.
مانی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی، زانیارییە تایبەتەکانم لە ڕێی سەرچاوەکانم لە کۆشکی سپی، پێوەندییەکەی ترەمپ بە سارا نەتەنیاهۆ پشتڕاست دەکەنەوە. ترەمپ داوای لێ کردووە ئاگاداری نەتەنیاهۆ بێت ئەگەرنا زیندانیی دەکات و یائیری کوڕی لە ئەمەریکا دەردەکات و سەروەت و سامانیان لەوێ سڕ دەکات. ئاماژەی بەوەش داوە کە ترەمپ بەڵێنی داوە مافی پەنابەریی سیاسی بە تەواوی ئەندامانی خێزانی نەتەنیاهۆ لە ئەمەریکا بدات، ئەگەر نەتەنیاهۆ لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا تووشی شکست ببێت.
بەپێی گێڕانەوەکەی مانی، سارا بە سەرۆکی ئەمەریکای گوتووە "من لەگەڵتم"، پاشان چووەتە ناو ژوورەکەی نەتەنیاهۆ و بە دەنگێکی بەرز هاواری بەسەردا کردووە بە جۆرێک کۆڵەکەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆک وەزیرانی هەژاندووە. دوای ئەوەش نەتەنیاهۆ پێوەندییەکی تەلەفۆنی بە ترەمپەوە کردووە و ددانی بەوەدا ناوە کە ملکەچی داواکارییەکەی ئەمەریکا بووە.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ شەوی دووشەمی ڕابردوو، پێوەندییەکی تەلەفۆنیی توندی لەگەڵ نەتەنیاهۆ ئەنجام دا، تێیدا تووڕەیییەکی زۆری خۆی لە قەبارەی ئەو زیانانە دەربڕی کە بەر خەڵکی سڤیل لە لبنان کەوتوون.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی گواستوویەتیەوە کە ترەمپ هاواری بەسەر سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلدا کردووە و ئەو پاڵپشتییەی بیر هێناوەتەوە کە پێشتر بۆ ڕێکارە یاساییەکانی پێشکەشی کردووە، پێی گوتووە، تۆ بەتەواوی شێت بوویت. ئەگەر من نەبوومایە لە زیندان دەبوویت. من ڕزگارت دەکەم. ئێستە هەمووان ڕقیان لێتە، و هەمووانیش بەهۆی کارەکانی تۆوە ڕقیان لە ئیسرائیلە.