ئەمڕۆ سەندیكای پزیشكانی عێراق وەك پاڵپشتییەك بۆ بەدیهاتنی مافی پزیشكانی نیشتەجێی مانگرتوو، داوای داخستنی نۆرینەگەی تایبەتی پزیشكانی كرد، سەندیكاكە لە بەیاننامەیەكدا دووپاتی لە چارەسەركردنی كێشەی پزیشكانی نیشتەجێی مانگرتوو كردەوە، كە داوای دامەزراندن بە شێوەی هەمیشەیی و بە مووچەی شایستە دەكەن.
سەندیكای پزیشكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بۆ كێشەی پزیشكانی نیشتەجێی مانگرتوو كرد، كە ئەوان بە شێوەی گرێبەست دادەمەزرێن و بە مووچەیەك لەگەڵ ئەرك و بەرپرسیارەتی سەر شانیان لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لە نەخۆشخانە حكوومەتییەكان ناگونجێت، جیا لەوەی زیاتر لە سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەگەرچی ئەو مووچەی وەری دەگرن نزمترین ئاستی بژێویان بۆ دابین ناكات.
سەندیكاكە داوای لە تەواوی لقەكانی سەندیكا و پزیشكانی راوێژكار و پسپۆڕ و گشتی كرد بۆ وەستانی كاركردن لە نۆرینگەكانیان بۆ یەك رۆژ، سبەی پێنجشەم، وەك پاڵپشتییەك بۆ پزیشكانی نیشتەجێی هاوڕێیانیان لە داواكارییە رەواكەیان، هەروەها بۆ ئاسانكردنی گەیشتنی پەیامەكانیان بۆ لایەنی یاسادانان و جێبەجێكاری پێوەندیدار و بە پەلە دامەزراندنیان لەسەر میلاكی هەمیشەیی و پێدانی مافەكانیان بەپێی یاسا بەركارەكان.
لای خۆیەوە حەسەنێن سەفا نەقیبی سەندیكای پزیشكانی عێراق لە پۆستێك لە فەیسبووك نووسیویەتی، داوا لە پزیشكانی پسپۆڕ دەكەین سبەی پێنجشەم وەك پاڵپشتییەك بۆ پزیشكانی نیشتەجێ نۆرینگەكانیان دابخەن، ئێستە دەرچووانی كۆلێجی پزیشكی لە عێراق بە وەستانی دامەزراندنیان بە سەختترین دۆخدا تێپەڕ دەبن.