ئەمڕۆ چوارشەم سێی حوزەیرانی 2026، ئەنالینا بێربۆک سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕای گەیاند، ئەڵمانیا لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی شکستی هێنا، دوای ئەوەی لە بەرانبەر پورتوگال و نەمسا دۆڕا.
جێی باسە کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا پێشتر شەش جار ئەندامیەتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی وەرگرتووە، کە دوایینیان لە ساڵانی 2019 و 2020 بوو، چونکە باوە بەرلین هەر هەشت ساڵ جارێک خۆی بۆ ئەندامیەتیی ئەنجوومەنەکە کاندید دەکات. بەپێی قسەی دیپلۆماتکارانیش، پێشتر هیچ کاتێک ئەڵمانیا لە کاندیدبوونیدا بەم شێوەیە شکستی نەهێناوە.
ئەڵمانیا تەنیا 104 دەنگی بەدەست هێنا، لە کاتێکدا بێربۆک ڕوونی کردەوە کە بەدەستهێنانی کورسییەکە پێویستی بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ هەبوو، واتە دەبوو 127 دەنگ بەدەست بهێنێت. لە بەرانبەردا، پورتوگال 134 دەنگ و نەمسا 131 دەنگیان بەدەست هێنا و سەرکەوتنیان مسۆگەر کرد.
کۆی گشتیی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکەدا 193 دەوڵەتن، لە ئێستەشدا تەنیا دوو ئەندام مافی دەنگدانیان نییە کە بریتین لە ئەفغانستان و ڤەنزوێلا.