زۆرینەی شیعە لەگەڵ داماڵینی چەكن و مانەوەی میلیشیاكان بە مەترسی دەزانن"

:: PM:08:55:03/06/2026 ‌

لە ماوەی رابردوو هەنگاوەكانی داماڵینی چەكی نایاسایی و میلیشیاكان بە كردەنی دەستی پێ كرد، كاتێك هەریەك لە موقتەدا سەدر و قەیس خەزعەلی و كەتیبیەكانی ئیمام عەلی بڕیاری دابڕینی خۆیان لە باڵی سەربازیی و حەشدی شەعبی دا، بەپێی سەرچاوەكان زۆرینەی هێزە شیعەكان پاڵپشتی لە داماڵینی چەك دەكەن و مانەوەی میلیشیاكان بە مەترسی بۆ سەر عێراق و شیعە دەزانن.

بەپێی سەرچاوەكە لە چەند سەعاتی رابردوو ناكۆكییەك ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی گرتووەتەوە، ئاراستەیەكی شیعە بە سەركردایەتیی هادی عامری و عەمار حەكیم و حەیدەر عەبادی و نووری مالیكی و قەیس خەزعەلی و بە پاڵپشتی راستەوخۆی موقتەدا سەدر دروست بووە پێی وایە بەردەوامیی میلیشیاكان لە دەرەوەی بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، بووەتە هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەت و سیستمی سیاسیی شیعە.

روونی كردەوە، نوێنەری كەتیبەكانی حزبوڵا لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پەیامێكی روونی بە چوارچێوەكە گەیاندووە، كە ئەوان ئێستە خۆیان پێوەندیدار بە بابەتی داماڵینی چەك نابینن و پێیان وایە جیابوونەوەی چەند لیوایەكی حەشدی شەعبی لە چوارچێوە حزبییەكەیان جیاوازە لەگەڵ چەكی موقاوەمەت، كە بەشێكە لە بەرپەرچدانەوەی ئەمەریكا لە عێراق.

هەر بەپێی سەرچاوەكە بزاوی نوجەبا داوای كردووە تا مانگی ئەیلوول بواری پێ بدرێت بۆ داماڵینی چەك، كە وادەی كۆتاهاتنی ئەركی سەربازیی هاوپەیمانان و ئەمەریكایە لە عێراق، بەر لەوەی هەڵوێستی كۆتایی خۆی یەكلا بكاتەوە، لەوكاتەی تا ئێستە كەتیبەكانی سەید شوهەدا و هیتریش رادەستكردنەوەی چەك رەت دەكەنەوە و ئەو كارە بە لەدەستدانی راستەوخۆی دوا كارتەكانی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق دادەنێن.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل