لەگەڵ راگەیاندنی دابڕینی سرییەكانی سەلام لە رەوتی نیشتمانیی شیعە لە لایەن موقتەدا سەدر لە 27ی ئایاری رابردوو، پرۆسەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان بە كردەونی لە عێراق دەستی پێ كرد، ئەو هەنگاوەی گوشارێكی سیاسی و ماناكی خستە سەر میلیشیاكانی تر، كە بڕیاری هاوشێوەی عەئاسیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلی بە دوایدا هات، شارەزایەك ئاماژە دەكات كە پاككردنەوەی حەشدی شەعبی لە میلیشیاكان ساڵێك و دووانی پێویستە.
غالب دەعمی مامۆستای زانكۆ پێی وایە دۆخەكە بەو ئاراستەیە لە كۆتاییەكەی هەموو میلیشیاكان چەك دادەماڵن، بەڵام كەسانێك پێیان وایە جیاكردنەوەی حەشدی شەعبی و باڵی سیاسیی میلیشیاكان كاتییە و بۆ خۆپاراستنیانە، ئەمەریكا لە رێگەی گوشار و مەرجەكانی بۆ حكوومەتی عێراق و میلیشیاكان، پەیامێكی روونی گەیاند، بەوەی ئەوەی دەیەوێ لە كاری سیاسی بەشداری بكات، پێویستە چەكەكەی رادەست بكات و خۆی لە لیواكانی حەشدی شەعبی داماڵێت.
دووپاتی كردەوە، بەڵام بۆ داماڵینی چەك و ترازانی تەواوەتی لە حەشدی شەعبی هێشتا زووە و رێوشوێنەكان زۆرن و پێویستیان بە كاتی زۆر هەیە، رەنگە بۆ ساڵێك یان دووان، بۆ ئەوەی لیواكانی حەشدی شەعبی لە باڵادەستیی میلیشیاكان دوور بخرێنەوە و بخرێنە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بۆیە قۆناغی داهاتوو تاقیكردنەوەیە بۆ توانای حكوومەت بۆ لێكترازانی میلیشیاكان و وەرگرتنەوەی چەكەكانیان.