"لیژنەی تایبەت بە داماڵینی چەك دەستبەكار بووە"

:: PM:09:43:03/06/2026 ‌

گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئەو لیژنەی بە فەرمانی عەلی زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بۆ بابەتی داماڵینی چەك و هێشتنەوەی لای دەوڵەت پێك هێنراوە، دەستی بەكارەكانی كردووە و خۆدابڕین لە حەشدی شەعبی یەكخستنەوەی هێزەكان و مسۆگەركردنی مافی ئەندامانی دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ سەباح نوعمان گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان رای گەیاند، لیژنەكە بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان دامەزراوە، واتە بە بڕیارێكی تەواو عێراقی و وەك وەڵامدانەوەی داوای مەرجەعیەتی باڵا و وەك ئەوەشی لە كارنامەی حكوومەت و سیاسەتی حكوومەت و رەوتی كاری سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان بە داماڵینی چەك و یەكخستنی گوتاری تەناهی هاتووە.

روونی كردەوە، ئەو لیژنەی پێك هێنراوە دەستی بە كار كردووە، میكانیزمەكانی یەكخستنی هێزەكان و رادەستكردنی چەك و كەرەستە سەربازییەكان بۆ لایەنە تەناهییە عێراقییەكان دادەنێت، هەموو چەك و كەرەستە وەرگیراوەكان رادەستی لیژنەیەكی ناوەندی و لایەنە تەناهییە عێراقییەكان دەكرێت، لە ماوەی دوو رۆژیش ژماردنی تەواوی چەكەكان دەدرێتە لیژنە ناوەندییەكە، كە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان راستەوخۆ سەرپەرشتی و بەدواداچوون بۆ كارەكانی دەكات.

نوعمان ئاشكرای كرد كە لیژنە ناوەندییەكە لە چەند لایەنێك پێك هاتووە، لەوانە بەرگری و ناوخۆ و فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و دەستەی حەشدی شەعبی، كە میكانیزمێك بۆ تەواوكردنی پرۆسەكە لە ماوەیەكی دیاریكراو و كورت دادەنێت، دەستەواژەی جیاكردنەوە، چەند چوارچێوەیەكی كارگێڕی و جێكردنەوە و دانانەوەی هێز و لیواكان لە چوارچێوەی دەزگە تەناهییەكان و مسۆگەركردنی مافەكانی شەڕوانان و یەكخستنەوەیان لەگەڵ هێز و پێكهاتە سەربازییەكان دەگرێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل