موجتەبا خامنەیی: ئیسرائیل بنكەیەكی سەربازییە و لە هەڵوێستی خۆمان دژ بە ئیسرائیل پاشگەز نابینەوە

:: AM:11:54:04/06/2026 ‌
موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێكی بڵاو كردەوە، تێیدا ئیسرائیل بە بنكەیەكی سەربازی ناو دەبات و دووپاتیشی دەكاتەوە، ئێران لە هەڵوێستی خۆی بەرانبەر ئیسرائیل پاشگەز نابێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم چواری حوزەیران، بە بۆنەی غەدیر و كۆچی دوایی خومەینی رابەری یەكەمی كۆماری ئیسلامیی ئێران، موجتەبا خامنەیی پەیامێكی بڵاو كردەوە و دەڵێ‌، "سیستمی خۆسەپاندن بنكەیەكی سەربازیی دروست كردووە بە ناوی ئیسرائیل، ئێرانیش هەرگیز لە هەڵوێستی خۆی دژ بە ئیسرائیل پاشگەز نابێتەوە".

لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا خامنەیی دەڵێ‌، "ئێران هەموو هەوڵەكانی دوژمنی پووچەڵ كردووەتەوە كە دەیویست خەڵكی ئێران نائومێد بكات". دەشڵێ‌، "هەر رەفتارێك لە ئێران كە ببێتە هۆی نائومێدكردنی خەڵكی ئێران، ئەوە هاوكاریكردنی دوژمنە".

موجتەبا خامنەیی لە مانگی ئاداری رابردوو وەك رابەری سێیەمی كۆماری ئیسلامیی ئێران هاتە هەڵبژاردن، تا ئێستە هیچ وتارێكی راستەوخۆ و بە ڤیدیۆ پێشكەش نەكردووە.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل