لە 27ی ئایاری رابردوو بە راگەیاندنەكەی موقتەدا سەدر بۆ دەستبەرداربوون لە چەك بۆ دەوڵەت، پرۆسەی داماڵینی چەكی نایاسایی لە عێراق دەستی پێ كرد، دوای سرییەكانی سەلام، عەئاسیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلیش هەنگاوی هاوشێوەیان راگەیاند و لیژنەیەك بۆ وەرگرتنەوەی چەكی ئەو گرووپانە پێك هێنراوە، دوێنێ بزاوی نوجەبا رەتی كردەوە چەكەكانی رادەست بكاتەوە، ئەمڕۆش لە بەیاننامەیەكی توندتر كەتیبەكانی حزبوڵا رای گەیاند كە تەنانەت یەك فیشەكیش رادەست ناكەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم
كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە تەنانەت ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق بچنە دەرەوە، چەك رادەست ناكەین، ئەبو موجاهید عەساف بەرپرسی تەناهیی كەتیبەكان دەڵێت، هەر پێنج گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لەگەڵ كەتیبەكانی كەربەلا، تا ئەوكاتەی داگیركاری خاك هەبێت ئەوان لەسەر ئەركەكانیان بەردەوام دەبن، بۆیە ئازادكردنی وڵات ئامانجی باڵایە و چەكی بەرگری رادەست ناكرێت و یەك فیشەكی لێ ناهێنرێتە دەرەوە تەنیا بە دەستی ئیمام مەهدی نەبێت.
دوێنێ چوارشەم بزاوی نوجەبا رەتی كردەوە چەك داماڵێت، دووپاتی كردەوە بەوەی چەكەكانیان پیرۆزە و بۆ بەرگریكردن لە عێراق و پیرۆزییەكانی و گەلەكەی بەكار هاتووە، هەڵوێستی موقاوەمەی ئیسلامی و بزاوەكە لەبارەی ئەو چەكەی بۆ بەرگریكردن لە عێراق و پیرۆزی و گەلەكەی هەیە، جێگیر و نەگۆڕە و ناشكۆڕێت، بۆیە هەڵوێستی نوجەبا روونە و بەو شێوەیە كە لە پۆستێكی پێشووی ئەكرەم كەعبی ئەمینداری گشتیی بزاوەكە لە 26ی ئایاری 2026دا هاتووە.
هەر دوێنێ فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای لە گرووپە چەكدارەكان كرد خۆیان لە دەستەی حەشدی شەعبی داببڕن، زێدان سوپاسی رەوتی نیشتمانیی شیعە و بزاوی عەسائیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلی كرد بۆ وەڵامدانەوەی داواكاریی مەرجەعیەتی باڵای ئاینی و جێبەجێكردنی یاسا و بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی و داواكانی عەقل و نیشتمانی بۆ داماڵینی چەك و هێشتنەوەی تەنیا لای دەوڵەت، كە سەرۆكی ئەنجوومەنەكە لە 4/1/2026 دووپاتی لەسەر كردەوە.