سوننە یەكتر تۆمەتبار دەكەن

:: PM:07:13:04/06/2026 ‌

بەر لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و دوای پێكهاتنی كابینەكەش كە لە 14ی ئایاری رابردوو لە پەرلەمانی عێراق متمانە بە زۆرێك لە وەزارەتەكان درا، ناو ماڵی سوننە بەدەست دابەشبوون لەسەر پۆستەكان دەناڵێنێت، ئەندامێكی هاوپەیمانی عەزمی موسەنا سامەرایی، سەرۆكی پەرلەمان تۆمەتبار دەكات و دووپاتی كردەوە كە وەك ئەندامێكی حزبەكەی هەڵسەكەوت دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەیدەر ئەسەدی ئەندامی هاوپەیمانی عەزم دووپاتی كردەوە كە سەرۆكی پەرلەمان دەستووری پێشێل كردووە و لە دانیشتنی متمانەدان بە كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران وەك ئەندامێكی حزبی تەقەدوم هەڵسوكەوتی كرد، سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە بەڕێوەبردنی دانیشتنەكە سەركەوتوو نەبوو و چەند پێشێلكارییەكی دەستووری لە میكانیزمی ئیدارەدانی دانیشتنەكە ئەنجام داوە، لە سەروویانەوە دووبارەكردنەوەی دەنگدان بەو كاندیدانەی كە رای گەیاند ئەوان متمانەیان بەدەست نەهێناوە.

روونی كردەوە، دەبوایە سەرۆكایەتیی پەرلەمان و بەپێی دەستوور داوای 50 ئەندامی بەدەست بگەیشتایە داوای دووبارە دەنگدانەوەیان بكردایە نەك لە خۆیەوە بڕیاری دەنگدانەوە بدات، لە لایەكی تر سەرۆكایەتیی پەرلەمان وەك ئەندامێكی حزبی تەقەدوم نەك وەك نوێنەۆرایەتیی گەل دانیشتنەكەی بەڕێوە برد، بە رێگەدان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك فەرمانبەری پەرلەمان سەر بە حزبی تەقەدوم لە هۆڵی پەرلەمان بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی دەنگدان بەناوی ئەندامان، ئەوەش قۆرخكارییەكی روونە بۆ مافی نوێنەرانی گەل لە دەنگدان.

ئەسەدی دووپاتی كردەوە سەرۆكایەتیی پەرلەمان متمانەی بە كاندیدی چەند هێز و فراكسیۆنێكی دێرینی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی عەزم نەبەخشی، دوای بەدەستهێنانی دەنگی پێویست، ئەوەش بەهۆی خواستی خۆی و هاوپەیمانی تر كە هەوڵی نانەوەی پشێوییان لە دانیشتنەكە و بەربەستكردنی پێكهاتنی حكوومەتی زەیدی دەدا، ویستیان عێراق بخەنە ناو تونێلێكی تاریك بە هاوشێوەی ساڵی 2021.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل