راپۆتێك: عەسائیب چاوی لەسەر پۆستە ویزارییە بەتاڵەكانە

:: PM:07:34:04/06/2026 ‌

لە ماوەی رابردوو سێ گرووپی چەكداری عێراقی نیازی خۆیان بۆ رادەستكردنی ئیدارەی لیوا سەربازییەكانیان لەناو حەشدی شەعبی بۆ دەوڵەتی عێراق راگەیاند، كە بریتین لە سرییەكانی سەلام و عەئاسیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلی، راپۆرتێك باسی ئەوە دەكات كە عەئاسیب چاوی لە وەرگرتنی وەزارەتە بەتاڵەكانە.

گرووپی عەئاسیب ئەهلولحەق لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 27 كورسی بەدەست هێنا، ئەو بەشداری لە شەڕی دوایی ئێران نەكرد، واتە لە هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە، هەست بە دووركەوتنەوەی لە ئێران دەكرێت، بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لە میلیشیاكان، گرووپی عەسائیب پێی وایە كاری سیاسی و بوونی لەناو حكوومەت لە شەڕكردن گرنگترە، بۆیە دەیەوێ ئەمەریكا بەرانبەر بە خۆی دڵنیا بكاتەوە. 

روونی كردەوە، بەتایبەتی كە ئێستە دانوستان لەبارەی نۆ پۆستی ویزاری بەتاڵی حكوومەتی عێراق هەیە، بەتایبەتی وەزارەتەكانی ناوخۆ و بەرگری، لای خۆیەوە تامر بەدەوی شرۆڤەكار دەڵێت، بۆ ئەوەی رژدیی بابەتی داماڵینی چەك بێتە سەلماندن، پێویستە لە لایەن حكوومەت و لایەنی تر لێوردبوونەوە بكەن، چونكە ئەمەریكا ئەنجامی بەرجەستەكراوی دەوێت.

لەوكاتەی ئەو شرۆڤەكارە پێی وایە ئێران هەوڵ دەدات هاوپەیمانەكانی لە عێراق زیاترین كات بە بابەتی داماڵینی چەك بەڕێ بكەن و رێگری لە داماڵینی چەكیان بە زەبری هێز بكەن، سەركردەیەكی گرووپی عەسائیب دەڵێت، واشنتن دەیەوێ گرووپە چەكدارەكان درۆن و مووشەكە بالیستییەكانیان رادەست بكەنەوە، كە دەتوانن بگەنە خاكی ئیسرائیل، كەچی عەسائیب دەیەوێ بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق چەك داماڵێت نەك لەپێناو ئاسایشی ئیسرائیل. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل