ئیسرائیل فەرماندەیەکی باڵای گرووپە چەکدارەکانی لبنانی کوشت

:: AM:11:12:05/06/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی پێنجی حوزەیرانی 2026، سوپای ئیسرائیل کوشتنی عەبد حەرب فەرماندەی یەکەی ئەندازیاریی حزبوڵای لبنانی ڕاگەیاند، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەڵکشانی سەربازی لە ناوچەکەدا بەردەوامە.

میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری بەیاننامە سەربازییەکانەوە گواستیانەوە، هێزەکانی ئیسرائیل توانیویانە سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکیش تێکبشکێنن کە ئەو بزووتنەوەیە بۆ بەئامانجگرتنی هێزە مەیدانییەکانی ئیسرائیل بەکاری هێناوە.

لە بەیاننامە ئیسرائیلییەکاندا هیچ زانیارییەکی تر لەبارەی کات و شوێنی ئۆپراسیۆنەکە ئاشکرا نەکراوە، هاوکات تا ئێستە هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن حزبوڵاوە نەدراوە. ئەم پێشهاتانەش لە کاتێکدان کە هەوڵە دیپلۆماسی و هەرێمییەکان بۆ هێورکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان، ڕووبەڕووی ئاستەنگی مەیدانیی زیاتر دەبنەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود