ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستە رۆڵی موجتەبا خامنەیی لە دەسەڵاتی ئێران دیار نییە و لیژنەیەكی نافەرمی ئێران بەڕێوە دەبات كە زۆربەی فەرماندەكانی پاسداران لەخۆ دەگرێت.
ئەمڕۆ هەینی پێنجی حوزەیران ئاژانسی فرانس پرێس راپۆرتێكی لەسەر رۆڵی موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوكردووەتەوە و تێیدا دەڵێ، "كاری رژێمی ئێران ئێستە روون نییە و هیچ رۆڵێكی موجتەبا دەرناكەوێت، لەوانەیە جێگیركردنی دەسەڵاتەكەی پێویستی بە كاتی زیاتر هەبێت".
چاودێرانی سیاسی بۆ ئاژانسەكە باس لەوە دەكەن، موجتەبا رۆڵەكەی دیار نییە، هەروەها ئێستە ئەو دەسەڵاتەی نییە كە باوكی وەك رابەری باڵا هەیبوو. سەبارەت بە تەندروستی موجتەبا زانیاری دژ بە یەكتر بڵاو دەكرێتەوە، گومان لە تەندروستییەكەی دەكرێت.
بە بڕوای چاودێران ئێستە لیژنەیەك نافەرمی ئێران بەڕێوە دەبات كە لە فەرماندەكانی سوپای پاسداران و سیاستەمەدارە بە ئەزموونەكان پێكهاتووە لە نموونەی محەمەد باقر قالیباف كە ئەویش پاشخانێكی سەربازی هەیە.