موحسین رەزایی راوێژكاری رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران دووپاتی دەكاتەوە، رێككەوتنی ئێران لەگەڵ ئەمەریكا بەندە بەو 24 ملیار دۆلارەی ئێران كە بە سزاكانی ئەمەریكاوە بلۆك كراوە.
ئەمڕۆ هەینی پێنجی حوزەیران موحسین رەزایی لێدوانی بۆ كەناڵی
CNN ی ئەمەریكی داوە و دووپاتی كردووەتەوە، هەر تێگەیشتن یان رێككەوتنێك لەگەڵ ئەمەریكا بەندە بەو پارەیەی ئێران كە بە هۆی سزاكانی ئەمەریكاوە بلۆك كراوە.
رەزایی ئاماژەی بۆ ئەوەیش كردووە بڕەكەی 24 ملیار دۆلارە.
تا ئێستە هیچ بەرپرسێكی ئەمەریكی لێدوانی لەسەر ئەو زانیارییانەی رەزایی نەداوە، بەڵام پێشتر میدیاكانی ئەمەریكا ئاشكرایان كرد بوو، ئەمەریكا رەزامەندیی داوە 12 ملیار دۆلاری ئێران بداتەوە، بەڵام ئێران پێداگریی لەسەر وەرگرتنەوەی هەموو پارەكە دەكات.
لە دوای 2018 كاتێك ئەمەریكا لە خولی یەكەمی سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ لە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران كشایەوە، كۆمەڵێك سزای بەسەر كەرتی وزە و دارایی ئێران سەپاند و بەمەیش پارەی ئێران كە بەشێكی زۆری داهاتی نەوتەكەییەی لە بانكە نێودەوڵەتییەكان بلۆك كرا.