بانکی نێودەوڵەتی قەرزی بۆ دوو پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگاوبان لە سلێمانی و دهۆک پەسەند کرد

:: PM:08:47:05/06/2026 ‌
بۆردی بانکی نێودەوڵەتی لە واشنتن قۆناغی یەکەمی پێدانی قەرزێکی بەبڕی 900 ملیۆن دۆلار بە عێراق پەسەند کرد، کە لەو چوارچێوەیەدا نزیکەی 80 ملیۆن دۆلاری بۆ دوو پڕۆژەی گرنگی ڕێگاوبانی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە.

ئەمڕۆ  پێنجی حوزەیران وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، دوێنێ بۆردی بانکی نێودەوڵەتی لە واشنتن بە فەرمی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پێدانی قەرزەکەی بە عێراق پەسند کرد، کە تێیدا پڕۆژەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بە گوژمەی نزیکەی 80 ملیۆن دۆلار پەسەند کراوە.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، پڕۆژەکان پێکهاتوون لە نۆژەنکردنەوە و فرەوانکردنی ڕێگەی سلێمانی-چەمچەماڵ-کەرکووک، بەشی تاسڵوجە بۆ بانی مەقان بەدرێژی 50 کیلۆمەتر لە پارێزگای سلێمانی، هەروەها نۆژەنکردنەوە و فرەوانکردنی ڕێگەی گرشین-سحێلا بەدرێژی 22 کیلۆمەتر لەگەڵ دروستکردنی یەکتربڕی گرشین لە پارێزگای دهۆک.

ئاماژە بەوەیش کراوە، پەسەندکردنی ئەو دوو پڕۆژەیە دوای هەوڵە بەردەوامەکانی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێم و تیمی وەزارەت دێت، کە پاش چەندین سەردان و کۆبوونەوە توانرا ئەم دوو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییە بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و لەسەر قەرزی بانکەکە بخرێتە بەرنامەی جێبەجێکردنەوە.



وشە - پێشەنگ مەحموود