شەرق ئەوسەت: بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ كورد لە توركیا ئامادەكاریی بۆ یاساییەك دەكرێت

:: PM:10:02:05/06/2026 ‌
لە یاساكە پەكەكە بە رێكخراوێكی هەڵوەشاوە و داماڵدراو لە چەك پێناسە دەكرێت

لە یاساكە داوا دەكرێت هەر دوو یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای سزادانی توركی هەموار بكرێنەوە 

رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئاشكرای دەكات، بەرپرسانی ئاكپارتی و شاندی ئیمراڵی كۆبوونەتەوە، تاوتوێی بۆچوونەكانی عەبدوڵا ئۆجەلانیان كردووە، بۆ دانانی "یاساییەكی چوارچێوەیی" بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ كورد. دووپاتی ئەوەیش كراوەتەوە لە پەرلەمان جگە لە رەشنووسی یاساییەك كار بۆ توێژینەوەیەكی تایبەتیش دەكرێت.

ئەمڕۆ هەینی پێنجی حوزەیران رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە سەرچاوەكانی ئاكپارتی و دەمپارتی زانیاری ئەوەی دەست كەوتووە، بەرپرسانی ئاكپارتی كەوتووەنەتەخۆ ، بۆ ئەوەی ئامادەكاریی بۆ رەشنووسی یاساییەك بكرێت لە پەرلەماندا، تا بە شێوەیەكی ریشەیی كێشەی كورد لەو وڵاتەدا چارەسەر بكات.

یاساكە گشتی دەبێت بۆیە شەرق ئەوسەت بە "یاسایەكی چوارچێوەیی" ناو دەبات، وەك چوارچێوەیەك دەبێت تا تەواوی كێشەكانی كوردی تێدا چارەسەر بكرێت.

ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رۆژنامەكە كردووە، باس لەوە دەكەن دوو رۆژ لەمەوبەر شاندی دەمپارتی كە بە "شاندی ئیمرالی"یش ناو دەبرێت لەگەڵ بەرپرسانی ئاكپارتی كۆبوونەتەوە، بەڵام ئاكپارتی نەیویستووە سیفەتێكی فەرمی بەو كۆبوونەوە بدرێت، كە تێیدا تاوتوێی پێشنیارەكانی عەبدوڵا ئوجەلان كراوە، كە دوایین جار لە 24ی مانگی رابردوو بە شاندی ئیمراڵی داوە.

سەرچاوەكان باس لەوەيش دەكەن كۆبوونەوەكە لە بارەگای پەرلەمانی توركیا بووە، ئامانجی سەرەكیش ئامادەكردنی رەشنووسێك بووە، لەگەڵ ئامادەكردنی توێژینەوەیەكی سەرەتایی بۆ رەشنووسەكە، واتە هەر دوولا دەیانەوێ‌ سەرەتا تاوتوێی زەوینەیەكی هاوبەش بكەن بۆ دارشتنی رەشنووسی یاسایەكی سەرەكی، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی ناوەڕۆك و چۆنیەتی جێبەجێكردنی.

بەگوێرەی زانیارییەكان رەشنووسی یاساكە چەندان بابەتی جیاواز و پێوەندیدار بە كورد لەخۆ دەگرێت، سەبارەت بە پارتی كرێكارانی كوردستان لە یاساكە بە رێكخراوێكی هەڵوەشاوە و داماڵدراو لە چەك پێناسە دەكرێت و دەبێت بە شێوەیەكی یاسایی چارەسەری ئەندامەكانی بكرێت. هەروەها دەبێت چارەسەرێكی یاسایی بۆ دۆخی ئۆجەلان دابنرێت تا دانوستاندن بەردەوام بێت. چەندان یاسایی تر دەبێت هەموار بكرێنەوە لەوانە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و یاسای سزادانی توركیا.

دووپاتی ئەوەیش كراوەتە ئەو جۆرە كۆبوونەوە و گەنگەشانە بەردەوام دەبن  و تا بەگوێرەی پێویستییەكان نەخشەڕێگەیەك دادەنرێت.

لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو پارتی كرێكارانی كوردستان لە چوارچێوەی پرۆژەیەك هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند و بڕیاری چەكدانانی دا و دووپاتی كردەوە لەگەڵ توركیا گفتوگۆ دەكات. ئەو پرۆسەیە لە توركیا بە "توركیایەكی خاڵی لە تیرۆر" و لەلای كوردیش، بە "پرۆسەی ئاشتی" ناودەبرێت. 
 
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل