سوپای ئه‌مه‌ریكا له كه‌نداو به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌موو بۆردمانی بنكه‌كانی ڕاداری ئێرانیان له كه‌ناراوه‌كانی ئه‌و وڵاته له كه‌نداو كرد، به ئامانجی تێكشكاندنی توانا هێرشییه‌كانی ئێران، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه شه‌وی ڕابردوو ئێران به درۆن و مووشه‌ك كوێت و به‌حرێن و گه‌رووی هورمزی به ئامانج گرت.
به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكی بۆ ئاژانسی
ڕۆیته‌رز ئاشكرای كرد، له وه‌ڵامی هێرشه‌كانی شه‌وی ڕابردووی ئێران كه به حه‌وت مووشه‌كی بالیستیك و چوار درۆن ئه‌نجام دران، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا وێستگه‌كانی ڕادار و چاودێریكردنیان له ناوچه‌ی گوروگ و دوورگه‌ی قه‌شم له ئێران به وردی بۆردمان كرد.
ئه‌و بۆردمانكردنانه‌ی كه‌ناراوه‌كانی ئێران له كاتێكدایه، تاران به‌رده‌وامه له هێرش و په‌لاماردانی وڵاتانی كه‌نداو و ئه‌مه‌ریكایش له وه‌ڵامی هێرشه‌كانی بۆردمانی چڕی ده‌كاته‌وه.
سوپای پاسداران له‌باره‌ی هێرشه‌كانی شه‌وی ڕابردوو بڵاوی كرده‌وه، كه چه‌ند بنكه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی شه‌وی ڕابردوو به مووشه‌ك بۆردمان كردووه و هه‌روه‌ها ڕێگری له تێپه‌ڕینی چوار كه‌شتی نه‌وتهه‌ڵگر له گه‌رووی هورمز كردووه.
میدیاكانی كوێت پێشتر بڵاویان كرده‌وه، كه سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی ئه‌و وڵاته به‌رپه‌رچی چه‌ند مووشه‌ك و درۆنێكی له ئاسمانی ئه‌و وڵاته داوه‌ته‌وه، هاوكات له به‌حرێن له كاتی هێرشه‌كان زه‌نگی ئاگه‌داركردنه‌وه لێ دراوه، تا هاووڵاتییان خۆیان له په‌ناگه‌كان حه‌شار بده‌ن.
سه‌ره‌ڕای ئاگربه‌ست و دانوستانی ناڕاسته‌وخۆ له نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام تاران هه‌فته‌یه‌كه بۆردمانی ناوچه‌كانی كه‌نداو ده‌كات و هۆكاره‌كه‌یشی به بڕوای شاره‌زایان بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه ئه‌مه‌ریكا به‌شێوه‌یه‌كی نا ئاشكرا خه‌ریكی ده‌ربازكردنی كه‌شتییه گیرخواردووه‌كانی كه‌نداوه به گه‌رووی هورمزه‌وه، كه ئه‌مه‌یش له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه به توندی ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه و دووپات له داخستنی گه‌رووه‌كه ده‌كاته‌وه.