عه‌باس عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ڵامی جۆزێف عۆنی سه‌ركۆماری لبنانی دایه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی ئاشكرای كرد، كه لبنان بووه‌ته كارتێكی دانوستان و یه‌كلاكردنه‌وه به ده‌ستی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه.
ڕۆژی هه‌ینی جۆزێف عۆن سه‌ركۆماری لبنان ئاشكرای كرد، كه ئێران لبنان وه‌ك كارتێكی یه‌كلاكردنه‌وه له دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌كارده‌هێنێت و گه‌لی لبنان باجی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ده‌ن.
له وه‌ڵامی ئه‌و لێدوانه عه‌باس
عێراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له تۆڕی ئێكس نووسیویه‌تی، ئه‌گه‌ر لبنان كارتی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ده‌ستی ئێران بووایه، ئه‌وا ماوه‌یه‌كی درێژ پێش ئێسته گه‌یشتبووینه ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كردووه، به ڕێز سه‌رۆك لبنان له دوژمنی ڕاسته‌قینه ڕزگار بكه.
له دووی ئادار/مارسی ڕابردوو و دوو ڕۆژ دوای هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل بۆ سه‌ر ئێران، حزبوڵای لبنان له‌و وڵاته شه‌ڕی دژی ئیسرائیل ڕاگه‌یاندووه و سه‌ره‌ڕای چه‌ندان گه‌ڕی دانوستانی نێوان حكوومه‌تی ئیسرائیل و لبنان له واشنتن و ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له نێوان هه‌ردوو حكوومه‌ت، به‌ڵام حزبوڵا وه‌ك گرووپێكی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی لبنان به خاڵه‌كانی دانوستانه‌كان ڕازی نابێت و به‌رده‌وامی به شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان ده‌دات، ئه‌مه‌یش وایكردووه سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی لبنانی له باشووری ئه‌و وڵاته ئاواره بوون و هه‌زارانیشیان بكوژرێن، كه‌چی تا ئێسته نه‌توانراوه دۆخی ئه‌و وڵاته هێور بكرێته‌وه و جه‌نگ كۆتایی پێ بهێنرێت.