به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا: سیخوڕیكردنی ئیسرائیل به‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا چووه‌ته‌ قۆناغێكی مه‌ترسیداره‌وه‌

:: AM:09:05:06/06/2026 ‌
بەرپرسانی پێشوو و ئێستەی ئەمەریكا دووپات لەوە دەكەنەوە، ساڵانێكە ئیسرائیل سیخوڕی بە ئاستێكی فرەوان لە دژی ئەمەریكا دەكات و دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە كاریگەریی لەسەر بڕیارەكانی واشنتن لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێت.

ئەو بەرپرسانەی پێشوو و ئێستە كە لە كەرتی دیپلۆماسی و ئاسایشی نەتەوەیی كاریان كردووە، بۆ تۆڕی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمەریكی ئاشكرایان كردووە، ساڵانێكە زانیاریی ورد لەبارەی سیخوڕیكردنی ئیسرائیل بەسەر ئەمەریكاوە بوونی هەیە، ئەمەریكا ڕێوشوێنی دژی ئەو چالاكییە سیخوڕییانەی ئیسرائیل بەسەر بەرپرسانی ئەمەریكا لە كاتی سەردانیان بۆ ئیسرائیل گرتووەتەبەر.

هێما بۆ ئەوەیش دەكەن، هەوڵە سیخوڕییەكانی ئیسرائیل بەمدواییە سنوورە ئاساییەكانی بەزاند و تەلئەبیب دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە كاریگەریی لەسەر پرۆسەی دروستكردنی بڕیارەكانی واشنتن لەبارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابنێت.

لە بەشێكی تری قسەكانیان ئەو بەرپرسانە دووپات لەوە دەكەنەوە، لە ناو پنتاگۆن مەترسیی سیخوڕیی ئیسرائیل بەسەر گەورە بەرپرسانی ئەمەریكا بە ڕوونی باسی لێوە دەكرێ و پەیامێكی ناوخۆیی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكایش دووپات لەوە دەكاتەوە، ئاستی چاودێریكردنی سیخوڕیی ئیسرائیل بەسەر ئەمەریكا بەرز كراوەتەوە، تا زۆرترین هەڵمەتی دژە چالاكی سیخوری لەلایەن هەواڵگری ئەمەریكاوە دژی كردە سیخوڕییەكانی ئیسرائیل ئەنجام بدرێت.

لە بەرانبەر ئەو زانیاری و تۆمەتانەی كە ئاراستەی ئیسرائیل دەكرێن بە سیخوڕیكردن بەسەر ئەمەریكاوە، بەرپرسێكی كۆشكی سپی ئەو زانیارییانەی بە ساختە و هەڵبەستراو ناوبرد، هاوكات گوتەبێژی باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە واشنتن گوتی، ئەو دەنگۆیانە دوورن لە ڕاستییەوە.

ئەمەریكا و ئیسرائیل دوو هاوپەیمانی ستراتیجی یەكترن و ساڵانە ئەمەریكا بایی ملیۆنان دۆلار كۆمەك و هاوكاریی سەربازی پێشكەشی ئەو وڵاتە دەكات، گەرەنتی پاراستنیشی لە هەر هێرش و هەڕەشەیەكی دەرەكی دەكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د