ڤیزەی ئەمەریكا وەردەگرن.. بڕیارە ئەمڕۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە توركیاوە بگاتە ئیسپانیا

:: AM:11:32:06/06/2026 ‌
دوێنێ هەینی بەرپرسێك لە كۆشكی سپیی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، یاریزانەكانی هەڵبژاردنی نیشتمانیی تۆپی پێی ئێران، ڤیزەیان ئەمەریكایان پێ دراوە كە بەشداریی مۆندیال بكەن و دەتوانن بچنە ئەمەریكا. ئەمڕۆیش ئەو هەڵبژاردەیە لە توركیاوە دەگاتە ئیسپانیا.

پێگەی "عەرەبیە" لەبارەی وەرگرتنی ڤیزەی ئەمەریكا بۆ چوونە ناو ئەو وڵاتە بە یاریزانانی هەڵبژاردنی تۆپی پێی ئێرانی بڵاو كردەوە كە بەرپرسێكی كۆشكی سپی دوێنێ دووپاتی كردەوە، تەواوی ئەو یاریزانە ئێرانییانە، ڤیزەیان پێ دراوە كە دەتوانن بچنە ئەمەریكا، ئەویش بۆ بەشداریكردنیان لە مۆندیال.

 مەهدی تاج سەرۆكی یەكێتیی تۆپی پێی ئێران لەوبارەیەوە گوتی، تەواوی یاریزانانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران، لە رێگەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە توركیا، داوای ڤیزەیان كردبوو بۆ بەشداریكردنیان لە مۆندیال، بە "ئەرێ" وەڵامیان دراوەتەوە و ڤیزەی ئەمەریكایان وەرگرت، ئێستەیش ئەو هەڵبژاردەیە لە توركیایە و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لەو وڵاتەوە بچنە ئیسپانیا و لەوێشەوە بۆ مەكسیك.

مەهدی تاج زیاتر گوتی، پێنجشەمی رابردوو گفتوگۆ لەگەڵ فیفا كرا لەبارەی ڤیزەی ئەمەریكا بۆ هەڵبژاردەكە، لەوێ داوامان لێ كرا تەواوی پاسپۆرتەكان بە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە ئەنكەرە بدەین كە هەڵبژاردەكە لەوێ بوون، بۆیە بەبێ كێشە كارەكان بەڕێوە چوون و ڤیزەكەیان بۆ هاتەوە.

دووپات كراوەتەوە كە ئەمڕۆ شەموو هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئێران لە توركیاوە بەرەو ئیسپانیان بەڕێ دەكەون، دواتر بۆ شوێنی حەوانەوەیان لە مۆندیال لە مەكسیك. بۆ ئەوەیش بڕیارە هەر ئەم هەفتەیە ڤیزەی چوونە ناو مەكسیك وەربگرن.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د