پەرلەمانی ئێران بۆ تاوتوێكردنی تەنگژەی سووتەمەنی و كێشەی وزە لە وڵاتەكەدا، بە ئۆنلاین كۆ دەبێتەوە.
عەباس گودەرزی گوتەبێژی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی ئێران رای گەیاند، سبەینی یەكشەم دووەم كۆبوونەوەی پەرلەمان لە سێیەم ساڵی خولی دوازدەیەم بەڕێوە دەچێت، كۆبوونەوەكە بەشێوەی ئۆنلاین دەبێت، تێیدا موحسین پاكنەژاد وەزیری نەوت و سەقابی ئیسفەهانی جێگری سەرۆك كۆمار ئامادە دەبن.
گوتەبێژەكەی پەرلەمان روونیشی كردەوە، ئامانجی سەرەكیی كۆبوونەوەكە تاوتوێكردنی سیاسەت و هەنگاوەكانی حكوومەتە بۆ سەقامگیركردنی پرۆسەی دابینكردن و دابەشكردنی سووتەمەنی.
یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی ئێران لەم خولەدا، رۆژی یەكشەم 31ـی ئایار بە سەرۆكایەتیی محەمەد باقر قالیباف لە شوێنێكی نادیاردا بەڕێوەچوو، تێیدا ئەندامانی نوێی دەستەی سەرۆكایەتی سوێندی یاساییان خوارد.