هێرشی ئێران بۆ سەر كوێت و بەحرێن بەردەوامە

:: PM:04:58:06/06/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی سەرەتایی سەبارەت بە وەستانی شەڕ، هێرشەكانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی كەنداو لەوانە بۆ سەر كوێت و بەحرێن بەردەوامە، وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتانە رایان گەیاند كە بەرپەرچی ژمارەیەك مووشەكیان داوەتەوە.

ئەمڕۆ شەموو وەزارەتی بەرگری كوێت لەسەر زاری سعوود عەبدولعەزیز عەتوان گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتەكە رای گەیاند كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای كوێت بەرپەرچی حەوت مووشەكی بالیستییان داوەتەوە، پارچەی موشەكەكان لە چەند ناوچەیەكی هاووڵاتینیشین كەوتووەتە خوارەوە و تەنیا زیانی مایەكیان لێ كەوتەوە.

لای خۆیەوە فەرماندەیی گشتیی هێزی بەرگریی بەحرێنی رای گەیاند كە ئێران لە رەوتە دوژمنكارییەكانی بەردەوامە و بە مووشەك و درۆن هاووڵاتییانی بەحرێن دەكاتە ئامانج، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بەحرێن توانیان بەرپەرچی سێ مووشەك و ژمارەیەك درۆن بدەنەوە.

ئەمڕۆ شەموو فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا رای گەیاند كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەكانیان بەرپەرچی چەندان مووشەكی بالیستی و درۆنی ئێرانیان داوەتەوە، كە بە ئاراستەی گەرووی هورمز و وڵاتانی كەنداو رەوانە كرابوون، كاتێك ئێران حەوت مووشەكی بالیستی ئاراستەی كوێت و بەحرێن كرد، هێزەكانی ئەمەریكا توانیویانە چوار درۆنی ئێرانی بخەنە خوارەوە، لەبارەی زیانی هێرشەكان فەرماندەییەكە دووپاتی كردەوە، لە كۆی حەوت مووشەكی بالیستی، شەشیان خرانە خوارەوە و حەوتەمیش ئامانجەكەی نەپێكاوە و كەوتە خوارەوە.
    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل