یەكێك لە خاڵەكانی كارنامەی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەەزیرانی عێراق نەهێشتنی چەكی نایاسایی و داماڵینی چەكی ئەو گرووپانەیە كە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و هێزە تەناهییە فەرمییەكان كار دەكەن، ئێستە پرۆسەی داماڵینی چەكی گرووپە چەكدارەكان لە عێراق دەستی پێ كراوە و وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماژە دەكات كە بڕێكی زۆر چەكیان رادەست كراوە.
وەك ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی عێراق
"واع"، باسی كرد، تەحسین خەفاجی بەڕێوەبەری راگەیاندن و ئاراستەكردنی ماناكی لە وەزارەتی بەرگریی عێراق رای گەیاند، پرۆسەی هێشتنەوەی چەك بە دەستی دەوڵەت، بە رێنوێنیی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و بە پاڵپشتیی گەورەی دەسەڵاتە باڵا سەربازییەكان و دەوڵەتی عێراق و یاسای عێراقی، دەست پێكردنێكی باشی هەیە.
زیاتر گوتی، پرۆسەكە لە شاری سامەرا بە سەرۆكایەتیی جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان بەڕێوە دەچێت و تا ئێستە بڕێكی زۆر چەك رادەست كراوە، هاوكات پرۆسەی گۆڕان و یەكخستنەوەی شەڕوانان ئاڵۆز و گرنگە و پێویستی بە چوارچێوەیەكی یاسایی و رێكخستن و دابینكردنی پلەی وەزیفی هەیە، چونكە بابەتەكە پێوەندی بە چەكی قورس و كەرەستە و كەس و مووچە و شایستەی وەزیفییەوە هەیە، دووپاتی كردەوە، هەنگاوە گرنگەكان بە كردەنی دەستیان پێ كراوە و كارەكان بە باشی بەڕێوە دەچن و وادەیەكی كاتی بۆ كۆتاهاتنی نییە.
سەبارەت بە چارەنووسی چەكەكان، وەلید خەلیفە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا گوتی، رێوشوێنەكانی داماڵینی چەك بەردەوامە و تەواوی چەكەكان بەدەستی دەوڵەتەوە دەمێننەوە، ئێستە سێ گرووپی چەكدار بە كردەنی پێوەندییان بە دامەزراوەی تەناهیی عێراق كردووە.