عەلی زەیدی سەردانی ئەمەریكا دەكات

:: PM:08:48:06/06/2026 ‌

وەك چاوەڕوان دەكرا لە دوای جەژنی قوربانی عەلی زەیدی لەسەر بانگهێشتی فەرمیی سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی ئەمەریكا بكات، ئەمڕۆ شەموو زەیدی لە دیداری ژمارەیەك كارسازی عێراقی لە بەغدا رای گەیاند كە بە هاوەڵی ژمارەیەك كارساز و بە داوەتێكی فەرمی سەردانی ئەمەریكا دەكات.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەكەی، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشوازی لە ژمارەیەك كارسازی عێراق و ئەندامانی ئەنجوومەنی كارگێڕی و پەرەپێدانی كەرتی تایبەت و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئابووری عێراق و ژمارەیەك لە سەرۆك ئەنجوومەنی كارگێڕیی بانكە تایبەتەكان بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و سەرۆكی دەستەی راوێژكاران و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی دەستەی باڵای هاوئاهەنگی لە نێوان پارێزگاكان كرد.

بەپێی بەیاننامەكە، زەیدی دووپاتی لەوە كردەوە كە حكوومەتەكەی پشت بە هاریكاریی كەرتی تایبەت بۆ سەرخستنی هەوڵەكانی بۆ چاكسازی لە بوارەكانی ئابووری و پەرەپێدان دەبەستێت، ئەو سیاسەتی دەرگەی كراوە بە رووی پێشنیاز و داواكاریی كارسازان پیادە دەكات بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی هەن، ئەو داوای لە كارساز و كۆمپانیاكان كرد كە پارە بەرانبەر بە ئاسانكردن و راییكردنی كارەكانیان نەدەن و لە كاتی هەر بەربەستێك دەرگەی بۆ ئەوان كراوەیە.

زەیدی دووپاتی لەوە كردەوە كە كەرتی تایبەت هاوبەشی حكوومەتە و پاڵپشتی لە رۆڵی ئەوان بۆ پەرەپێدانی ئابووری دەكات، ئاشكرای كرد كە سەردانێكی لەپێشە بۆ واشنتن و گوتی، سەردانێكی فەرمیمان بۆ ئەمەریكا لەپێشە و ژمارەیەك كارساز لەگەڵ خۆمان دەبەین، بۆ فرەوانكردنی هەلی وەبەرهێنانی هاوبەش.    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل