میدیاكانی ئێران: پاكستان پێشنیازێكی نوێی گەیاندووەتە تاران

:: PM:09:16:06/06/2026 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ موحسین نەقەوی وەزیری ناوخۆی پاكستان گەیشتە ئێران و بڕیارە چاوی بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بكەوێت، وەك میدیاكانی ئێران باسی دەكەن نەقەوی پێشنیازێكی نوێی بۆ شكاندنی ئەو چەقبەستنە پێیە كە دووچاری دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا هاتووەتەوە، بەتایبەتی پێوەست لە پارە بلۆككراوەكانی ئێران.

ماڵپەڕی "فرارۆ"ی ئێرانی نزیك لە رەوتی توندڕۆی میانڕۆ لە چەند سەرچاوەیەكی گواستەوە كە تا ئێستە دۆسیەی پارە بلۆككراوەكانی ئێران بەربەستی سەرەكییە لەبەردەم گەیشتن بە رێككەوتنی سەرەتایی لە نێوان تاران و واشنتتن، ئاماژەی كرد كە ناكۆكی لەسەر میكانیزمەكانی ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێران دانوستانەكان گەیاندووەتە چەقبەستن، كە ئێران چاوی لەوەیە لەگەڵ راگەیاندنی رێككەوتنەكە نیوەی  پارەكەی دەست بكەوێت، واتە 12 ملیار دۆلار، ئەوەی تری بە هەنگاو لەگەڵ دانوستانەكان پێی بدرێت، كە ئەمەریكا بەوە رازی نییە و پێی وایە دەبێت ئێران بەرانبەر بە ئازادكردنی پارەكە سازشێكی گەورەی بۆ بكات، بۆیە ئەو دۆسیە ناكۆكی گەورەی لەسەرە.

بەپێی ماڵپەڕە ئێرانییەكە سەردانی نەقەوی بۆ تاران بۆ شكاندنی چەقبەستنی دانوستانەكانە، ئەو پەیامێكی تایبەتی لە عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاكستان بۆ سەركردەكانی ئێران پێیە و رەنگە چارەسەرێكی ناوەند بۆ ئەو بابەتە لەخۆ بگرێت، بەوەی بەشێك لە پارە بلۆككراوەكەی ئێران لە دەوڵەتێكی تر بێتە دانان كە جێی متمانەی ئێران و ئەمەریكا بێت، لەگەڵ پێشوەچوونی دانوستانەكان بەرە بەرە بێتە ئازادكردن.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل