ئیسرائیل 150 ئامانجی حزبوڵا لە باشووری لبنان بۆردمان دەكات

:: PM:09:29:06/06/2026 ‌

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە ئیسرائیل و حزبوڵا هێرشەكانیان بۆ سەر یەكتر دەوەستێنن، ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە ئەگەر حزبوڵا هێرشیان بكاتە سەر ئەوانیش وەڵام دەدەنەوە، ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە 150 ئامانجی حزبوڵای لە باشووری لبنان بۆرمان كردووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ ئیلا واویە گوتەبێژ بەناوی سوپای ئیسرائیل رای گەیاند، لە ماوەی پشووی كۆتایی هەفتە، واتە ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل چەندان ئامانجی حزبوڵایان لە باشووری لبنان كردووەتە ئامانج لە جبەخانەی چەك و بارەگەی سەركردایەتی و سەكۆی هەڵدانی مووشەك و ژێرخانی سەربازیی حزبەكە، ئەو لە لاپەڕی خۆی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ئەو شوێنانەی بۆردمان كراون لە لایەن حزبەكەوە بۆ جێبەجێكردنی پلانی تیرۆریستی لە دژی سوپای ئیسرائیل بەكار هاتووە. 

بەپێی میدیا عەرەبییەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو لە ئەنجامی چەند هێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لبنان و كەرتی غەزە، ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێ كەوتووەتەوە، ئاژانسی نیشتمانیی لبنان گوتی، سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی و بۆردمانی بۆ سەر چەند ناوچەیەك لە باشووری لبنان ئەنجام داوە و بەو هۆیەوە كوژراو و بریندار هەیە.

بەپێی ئاژانسەكە سوپای ئیسرائیل بە تۆپهاوێژ بەرزاییەكانی عەلی تاهیری لە شارۆكەی نەبەتییە كردووەتە ئامانج و زنحیرەیەك هنێرشی ئاسیمانی كردووەتە سەر چەند ناوچەیەكی باشووری لبنان، بەو هۆیەوە كەسێك كوژراوە، جیا لە كردنەئامانجی ناوچەكانی دێر و شەهابییە و سرێفا و مەعرەكە و میفدوون و شۆكین و جەناتا و حاریس و جویا.

لە كەرتی غەزە و بەپێی سەرچاوەكان لە هێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر كەمپی ئاوارەكان لە گەڕەكی ریمال لە شاری غەزە، شەش كوژراو و 15 بریندار هەن، وەزارەتی تەندروستیی بزووتنەوەی حەماسیش دووپاتی كردەوە كە كۆی ئاماری كوژراوانی فەلەستینی لە 7ی تشرینی یەكەمی 2023ەوە گەیشتووەتە 71.661 كوژراو و 173.092 بریندار.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل