هاوكات لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاگربەست لە غەزە لەسەر بنەمای پێشنیازە 20 خاڵییەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، كە یەكەم قۆناغی بە سەركەوتووی كۆتایی هات، ئیسرائیل لە كردنەئامانجی بەرپرسە سەربازییەكانی بزووتنەوەی حەماس بەردەوامە، بەپێی سوپای ئیسرائیل فەرماندەیەكی تری باڵای سەربازیی بزووتنەوەكەی لە كەرتی غەزە كوشتووە.
بەپێی
بەیاننامەیەكی ئیسرائیلی، سوپای ئیسرائیل كوژرانی محەمەد عوسمان یاسین فەرماندەیەكی كەتیبەكانی عزەدین قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس لە كەرتی غەزە رادەگەیەنێت، ئەوەش لە هێرشێكی ئاسمانی لە باشووری غەزە.
دوای راگەیاندنی كوژرانی عزەدین حەداد فەرماندەی كەتیبەكانی عزەدین قەسام باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس لە غەزە لە هێرشێكی ئاسمانیی ئیسرائیلی لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردوو، هاتە راگەیاندن كە محەمەد عۆدە سەرپەرشتیی باڵەكە دەكات و بووەتە فەرماندەی نوێی، لە 26ی ئایار ئیسرائیل كردنەئامانجی ئەویشی لە غەزە راگەیاند.
میدیاكانی ئیسرائیل رایان گەیاند كە محەمەد عۆدە فەرماندەی نوێی باڵی سەربازیی حەماس لە تەلارێك لە گەڕەكی ریمال لە رۆژئاوای غەزە بە پێنج مووشەك كراوەتە ئامانج، لەوكاتەی كەناڵی 14ی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات كە ئەگەرێكی زۆرە لە كوشتنی عۆدە سەركەوتوو بووبن، بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە عۆدەیان كوشتووە و دەستیان بە هەمووان دەگات.