ترەمپ: بە مەرج لەگەڵ ئێران رێك دەكەوین

:: PM:05:51:07/06/2026 ‌

هێشتا هەوڵەكانی گەیشتنی ئێران و ئەمەریكا بە رێككەوتن بۆ وەستانی شەڕ و كردنەوەی گەرووی هورمز بەردەوامە، دوێنێ وەزیری ناوخۆی پاكستان سەردانی تارانی كرد و پەیامێكی پاكستانی و پێشنیازێكی تری بە سەركردەكانی ئێران دا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاماژە دەكات كە وڵاتەكەی لە گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران زۆر نزیكە.

ترەمپ لە دیداری كەناڵی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمەریكی گوتی، ئەمەریكا و ئێران زۆر نزیكن لە گەیشتن بە رێككەوتن، دووپاتی لەوە كردەوە كە لەناوبردنی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراوی ئێران و رێگریكردن لە بوونی بە خاوەن چەكی ئەتۆمی دوومەرجی سەرەكین بۆ هەر رێككەوتنێكی چاوەڕوانكراو، بۆیە ئەگەر بگەین بە رێككەوتن، كار بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو یۆرانیۆمەكە و لەناوبردنی دەكەین، بەیەكەوە ئەو كارە دەكەین، ئەگەر بە رێككەوتنیش نەگەیشتین، رێگە بە ئێران نادەین ببێت بە خاوەن چەكی ئەتۆمی. 

دووپاتی كردەوە كە واشنتن تەنیا بەوە ناوەستێت رێگری لە ئێران بكات بۆ پەرەپێدانی چەكی ئەتۆمی، بەڵكو هەوڵی رێگریكردن لە تاران دەدات بۆ كڕین و خاوەنداریەتی چەكی ئەتۆمی بەهەر رێگەیەك بێت، ئاماژەی كرد كە پێ دەچێت سەركردایەتیی نوێی ئێران زیرەكتر و ئاقڵتر بن، ئامادەیی خۆی بۆ دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ موجتەبا خامنەیی رابەری نوێی ئێران دەربڕی ئەگەر ئەو بیەوێت.

سەبارەت بە هێزەكانی وڵاتەكەی رای گەیاند كە ئێستە هەر لە ناوچەكە دەمێننەوە و ئەوان بۆ مسۆگەریی سەقامگیری و پاڵپشتیكردنی لە دانوستانەكان پێویستن، هەر رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ تاران ئازادكردنی راستەوخۆی پارە بلۆككراوەكانی ئێران ناگرێتەوە و ئەو بابەتە كاتێك باس دەكرێت كە ئێران بە بەڵێنەكانی پابەند بێت، بۆیە بەر لە گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتی پارە بڵۆككراوەكانی ئێران ئازاد ناكرێت.

ترەمپ دووپاتی كردەوە كە ئەگەر دانوستانەكان شكست بێنن، ئەگەری هەیە پەنا بۆ بژارەی سەربازی بۆ لەناوبردنی توانا سەربازییەكانی ئێران ببەین، بۆیە لەگەڵ ئەوان یان بەبێ ئەوان هەر دەیكەین، واتە یۆرانیۆمەكە لەناو دەبەن، كەسیش ناتوانێت تەقەمان لێ بكات، بۆیە ئەگەر بە رێككەوتن نەگەین، بەر لە دەستگرتن بەسەر یۆرانیۆمەكە گورزێكی گەورەی سەربازی ئاراستەی ئێران دەكەین، ئەگەر بە رێككەوتن نەگەین، بە توندی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەین، دوای ئەوە چاوەڕوانی دۆخەكە دەكەین بۆ دەستگرتن بەسەر یۆرانیۆمەكە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل