پەرلەمانتارێكی ئێرانی: تا دوو ملیۆن دۆلار لە هەر كەشتییەك لە گەرووی هورمز وەردەگیرێت

:: PM:06:20:07/06/2026 ‌

بەرپرسانی ئێران دووپاتی دەكەنەوە كە دۆخی گەرووی هومز لە دوای هێرشەكانی ئەمەریكا و پێش هێرشەكان وەك یەك نابێت، ئێران سوودێكی زۆری لە داخستنی گەرووەكە لە شەڕی كەنداو بینی و وەك كارتێكی گوشار بۆ وەستانی شەڕەكە و دانوستانەكان بەكاری دێنێت، هاوكات وەك قەرەبووكردنەوەی زیانەكان و دەستكەوتنی داهاتی زیاتر و شوێنگرەوە بۆ نەوتەكەی، رسووماتی تێپەڕبوون بەسەر هەر كەشتییەك دەسەپێنێت كە بە گەرووەكەدا تێپەڕ ببێت.
موحسین زەنگەنە ئەندامی لیژنەی پلاندانان و بودجە لە پەرلەمانی ئێران ئاشكرای دەكات كە ئێستە وەك ناوەند، ئێران لە هەرە كەشتییەكی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببێت، بڕی 1.5 بۆ دوو ملیۆن دۆلار لە بری تێپەڕبوون و پێشكەشكردنی چەند خزمەتگەزارییەك وەردەگرێت، وەك ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی گواستییەوە.

پێشتریش لە مانگی ئایاری رابردوو عەلی نیكزاد جێگری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دووپاتی كردەوە كە پلانێكیان بۆ ئیدارەدانی گەرووی هورمز لە 12 بڕگە ئامادە كردووە، وەك ئاژانسی "فارس" باسی كرد كە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە، گرووپێكی هاریكاری لەگەڵ وەزارەتی ئابووری پێك هێتنراوە بە سەرپەرشتیی ئەنجوومەنی باڵای تەناهیی نیشتمانی، ئەو پارەیەی لە گەرووەكە وەردەگیرێت، لە گەنجینە و بەپێی یاسای بودجە هەڵدەگیرێت و لە بوارە جیاجیاكان دێتە خەرجكردن.

بەپێی پلانەكەی ئێران، تێپەڕبوونی كەشتییەكانی ئیسرائیل قەدەغەیە، ئەوانەی وڵاتانی نەیاریش بۆ ئێران دەبێت بۆ تێپەڕبوونی كەشتییەكانیان قەرەبووی زیانی هێرشەكان بە ئێران بدەن وەك پێشمەرج، كەشتییەكانی تریش پێویستە مۆڵەتی تێپەڕبوون و پێشوەختە لە ئێران وەربگرن بەپێی ئەو یاسایەی پەرلەمانی ئێران دەری دەكات. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل