ئێران هەموو هەوڵێك دەدات حزبوڵا لە لبنان تووشی شكست نەبێت و شیعەی لبنان لێی بێ ئومێد نەبن، بۆیە بەردەوامیی دانوستانەكانی لەگەڵ ئەمەریكا بە وەستانی شەڕ لە لبنان بەستووەتەوە، هەفتەی رابردوو سەرۆكی ئەمەریكا توانی هێرشەكانی ئیسرائیل و حزبوڵا بۆ سەر یەكتر بوەستێنێت، بەڵام ئەم هەفتەیە هێرشەكان بە چڕی دەستیان پێ كردەوە، ئێران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەكات بەوەی ئەمشەو وەڵامی دەداتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەم
ئیبراهیم رەزائی گوتەبێژ بەناوی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران لە پۆستێك لە تۆڕی ئێكس لە وەڵامی كردنەئامانجی باشووری بەیرووت لە لایەن ئیسرائیلەوە نووسیویەتی، وەڵامێكی بە ئازار و توندمان بۆ هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت دەبێت، پێویستە بوەستێنرێت، ئەمشەو سەیری ئاسمانی خاكە داگیركراوەكان بكەن.
ئەمە و ئەمڕۆ یەكشەم لە وەڵامی هێرشەكانی حزبوڵا بۆ سەر سوپای ئیسرائیل لە لبنان، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر باشووری بەیرووت، هێرشەكە بە فەرمانی راستەوخۆی بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە بوو، هێرشەكان چەند بارەگەیەكی حزبوڵایان لە ناوچەكە كردە ئامانج، وەك رۆژنامەی "ئیدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی باسی كرد، ئیسرائیل بەر لە ئەنجامدانی هێرشەكە ئەمەریكای ئاگەدار كردبووەوە.