ئەمڕۆ یەکشەم 7ی حوزەیرانی 2026، بەرپرسانی ئێران دوای ئەو هێرشەی ئیسرائیل کە باشووری بەیرووت لە لبنانی کردە ئامانج، تۆنی قسەکانیان توندتر کرد و هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەکی "یەکلاکەرەوە و بەئازار"یان کرد، کە ئەمەش پێشهاتێکە و هۆشداری دەدات لە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکان لە ناوچەکەدا.
ئیبراهیم ڕەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" ڕای گەیاند کە ئێران وەڵامێکی "یەکلاکەرەوە و بەئازار"ی بۆ هێرشەکە دەبێت، زیاتر گوتی، ئەمشەو چاودێریی ئاسمانی ناوچە داگیرکراوەکان بکەن"، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری ئەنجامدانی وەڵامدانەوەیەکی سەربازی لە سەعاتەکانی داهاتوودا.
لە هەمان چوارچێوەدا، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە فەرماندەیی بارەگای خاتەمولئەنبیا هێرشەکەی ئیسرائیل بەبێ وەڵام جێناهێڵێت، دووپاتیشیان کردەوە کە ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنێک بە ناوی "بەڵێنی ڕاستگۆ 5"، کە درێژکراوەی زنجیرە ئۆپراسیۆنەکانی پێشووی تارانە لە وەڵامی هێرشەکانی ئیسرائیل.
لەلایەکی ترەوە، حكوومەتی ئیسرائیل ڕای گەیاند کە سوپاکەیان هێرشێکی ئەنجام داوە کە ژوورێکی ئۆپراسیۆنی سەربە گرووپە چەکدارەکانی لبنان لە باشووری بەیرووتی کردووەتە ئامانج. هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهۆ و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە دا کە ئەم ئۆپراسیۆنە لە چوارچێوەی بەئامانجگرتنی ژێرخان و سەرکردەکانی سەربەو بزووتنەوەیە دێت.
بەپێی میدیا ناوخۆییەکانی لبنان، بۆردمانەکە بووەتە هۆی کوژرانی لایەنی کەم 10 کەس و برینداربوونی چەندان کەسی تر، لە کاتێکدا ئۆپراسیۆنەکانی فریاگوزاری و لابردنی پاشماوەی ڕووخاوەکان لە ناوچە ئامانجکراوەکە بەردەوامن. ئەم هەڵکشانە لە سایەی گرژییەکی پەرەسەندوودایە لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، دوای ئەوەی تاران لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕای گەیاندبوو کە بەهێزەوە وەڵامی هەر هێرشێک بۆ سەر باشووری بەیرووت دەداتەوە.
چاودێران مەترسیی ئەوەیان هەیە کە پێشهاتەکانی ئەم دواییە ببنە هۆی فراوانبوونی بازنەی ڕووبەڕووبوونەوەی هەرێمی، بەتایبەتی لەگەڵ ئاڵوگۆڕی هەڕەشەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا.