ئەمڕۆ یەکشەم 7ی حوزەیرانی 2026، کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی هەڕەشەی بەئامانجگرتنی بنکەکانی ئەمەریکایان کرد لە ئەگەری دەستوەردانیان لەو پێکدادانەی ئێستە لە نێوان ئێران و ئیسرائیلدا بەڕێوە دەچێت.
ئەو گرووپە چەکدارە لە بەیاننامەیەکی کورتدا ڕایان گەیاند، ئەگەر ئەمەریکا دەستوەردان لەم پێکدادانە بکات (مەبەست لێی بۆردمانەکەی ئێرانە بۆ سەر ئیسرائیل)، ئەوا بنکە و بەرژەوەندییەکانی لە عێراق و ناوچەکە دەکەینە ئامانج.
ئەم هەڕەشەیە دوای ئەوە دێت کە ئێران بە مووشەک چەند ناوچەیەکی لە باکووری ئیسرائیل کردە ئامانج، لەسەر پاشخانی فراوانبوونی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لبنان و بەئامانجگرتنی باشووری بەیرووت. سوپای ئیسرائیلیش پێشتر چاودێریکردنی بۆردمانە مووشەکییەکەی ئێرانی ڕاگەیاندبوو و دووپاتی کردبووەوە کە ئامادەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوە. لە کاتێکدا میدیاکان ئاماژەیان بە بیستنی دەنگی تەقینەوە لە ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل کرد لە ئەنجامی ئەو بۆردمانە.
پێشتر لە ئەمڕۆ یەکشەم، محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی شەڕی لە دژی ئەمەریکا و ئیسرائیل کردبوو، ڕای گەیاندبوو کە ئەوان تەنیا لە "زمانی هێز" تێدەگەن. قالیباف کە سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێرانە لەگەڵ واشنتن گوتی كە ئەمەریکا و ئیسرائیل پێگیری بە ئاگربەست ناکەن و باوەڕیان بە گفتوگۆ نییە، لە ڕێی گەمارۆدان و پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان لە لبنان، سەلماندیان کە تەنیا لە زمانی هێز تێدەگەن.