عێراق ئاسمانی بە رووی گەشتە ئاسمانییەكان كردەوە

:: PM:04:41:08/06/2026 ‌

شەوی رابردوو گەڕێكی تری شەڕی ئێران و ئیسرائیل دەستی پێ كرد و ئێران بە دەیان مووشەك ئیسرائیلی بۆردمان كرد، لەو ساتەوە ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەكان داخرا، ئەمڕۆ دوای راگەیاندنی وەستانی هێرشەكان، ئاسمانی عێراق كرایەوە و گەشتەكان دەستیان پێ كردەوە.

دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتەكان كرایەوە، ئەوەش دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە تایبەتمەندەكان و بەو شێوەی مسۆگەری بەردەوامیی هاتوچۆی ئاسمانی بەپێی پێوەری سەلامەتیی نێودەوڵەتی دەكات.  

دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی دووپاتی كردەوە كە بۆ پاراستنی سەلامەتیی ئاسمانی عێراق و ئاسایشەكەی، لە چاودێریكردنی پەرەسەندنەكان و هەڵسەنگاندنیان بەردەوامن، هاوكات ئاگەداری كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی لەبارەی هەر پەرەسەندنێك پێوەست بە هاتوچۆی ئاسمانی لە رێگەی كەناڵە فەرمییەكان دەكەنەوە.

شایەنی باسە ئێوارەی دوێنێ یەكشەم دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی داخستنی ئاسمانی عێراقی بە رووی هەموو گەشتە ئاسمانییەكانی هاتوو و دەرچوو لە عێراق بۆ ماوەی 72 سەعات بە شێوەیەكی كاتی راگەیاند، ئەوەش بەهۆی دەست پێكردنەوەی شەڕ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل