نەتنیاهۆ: هێشتا شەڕ لەگەڵ ئێران و حزبوڵا كۆتایی نەهاتووە

:: PM:07:26:08/06/2026 ‌

بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە شەڕی ئێران و حزبوڵای لبنانی كۆتایی نەهاتووە و ئەو پێوەندییەكی تەلەفۆنی باشی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئەنجام داوە.

نەتنیاهۆ لە وتەیەكی رای گەیاند كە ئێران و حزبوڵا ویستیان هاوكێشەیەكی نوێ بەسەر ئێمەدا بسەپێنن و ئەوەش قبووڵكراو نییە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە هەڕەشەوە ئاماژەی كرد كە بە توندی وەڵامی هەر هێرشێكی تری ئێران دەدەینەوە، ئەو هاوكێشەی ئێران و حزبوڵا دەیانەوێ بەسەر ئێمەیدا بسەپێنن جێبەجێ نابێت و ئەوان لە هەر كاتێكی تر لاوازترن، لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی من هاوكێشەكانی ئێران قبووڵكراو نین.

دوای ئەوەی شەوی رابردوو ئێران لە وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت، مووشەكبارانی ئیسرائیلی دەست پێ كردەوە، ئەمڕۆ دەستەی ئەركانی هاوبەشی ئێران وەستانی هێرشەكانی راگەیاند، بەڵام وریایی لە بەردەوامبوونی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لبنان دا، بەوەی بە هێرشی توندتر وەڵام دەدرێتەوە، هاوكات كەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیلی گواستەوە كە لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر ئێران وەستاندووە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل