ماڵپەڕی كەناڵی حوڕە ئاشكرای دەكات، بەرپرسان و سەرمایەدارانی عێراق پارە بە ئێران دەدەن و دەشڵێ، "سەرمایەدارانی سوننەیش ئەو كارە دەكەن و بەمدواییە سەرمایەدارێك 200 ملیۆن دۆلاری بە ئێران داوە".
ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیران، ماڵپەڕی كەناڵی
حوڕە ئاشكرای دەكات، چەندان بەرپرسی سیاسی و سەرمایەداران و خاوەن كارەكانی عێراق، لە كاتی شەڕدا پارەیان بە ئێران داوە. حوڕە دووپاتی دەكاتەوە تەواوی ئەو ناوانەی لایە كە پارە بە ئێران دەدەن، بەڵام بە هۆكاری یاسایی ناویان ئاشكرا ناكات.
حوڕە ئاماژە بەوە دەكات، لە كاتی شەڕی 12 رۆژەی ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیل كە لە حوزەیرانی رابردوودا بوو، سەرمایەدارێكی عێراقی 200 ملیۆن دۆلاری بە ئێران داوە. دوای ئەمە ئەو كەسە پۆستێكی لە ناو دامەزراوەكانی حكوومەت وەرگرت و چەندان گرێبەستی بە دەست هێنا.
حوڕە دەڵێ دووو رێگە هەیە بۆ پارەدان بە ئێران، یەكەمیان ئەوەیە پارەی كاش بە وشكانی بۆ ئێران دەگوازرێتەوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی میلیشیاكانی سەربە ئێرانن. دووەمیشیان ئەوەیە گرێبەست بە كۆمپانیا ئێرانییەكان دەدرێت لەم رێگەیەوە پارەدار دەكرێن.
جیا لەوەیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێت ئەو تۆڕەی پارە بە ئێران دەدات، تەنیا كەسایەتییەكانی شیعە نین، بەڵكو سەرچاوە عێراقییەكان دووپاتی دەكەنەوە، چەندان سەرمایەداری سوننە بەشدارییان لەو چالاكییەكە كردووە، ئەمەیش بە پاڵنەری ئایدیۆلۆجیا نەبووە، بەڵكو بە پاڵنەری ئەوەیە ئارەزوو دەكەن دەسەڵاتیان لە ناو دامەزراوە سیاسییەكانی عێراق هەبێت.