چوارچێوەی هاوئاهەنگی گڵۆپی سەوز بۆ زەیدی هەڵدەكات

:: PM:09:44:09/06/2026 ‌

دوای ئەوەی كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 14ی ئایاری رابردوو لە پەرلەمان متمانەی وەرگرت و دەست بەكار بوو، هێشتا نۆ وەزارەتی بەتاڵن، لەوانە وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ، زەیدی دەیەوێ بەر لە سەردانەكەی بۆ واشنتن كابینەی حكوومەتەكەی تەواو بكات، بۆ ئەو مەبەستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەسەڵاتی گفتوگۆكردن و تەواوكردنی كابینەكەی پێ دەبەخشێت.

ئەمڕۆ سێشەم فەهد جبووری ئەندامی رەوتی حیكمەی نیشتمانی بە سەركردایەتیی عەمار حەكیم گوتی، لە كۆبوونەوەی دوێنێی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەسەڵات بە زەیدی دراوە بۆ بەردەوامبوون لە راوێژكردن لەگەڵ هێزە سیاسییەكان بە مەبەستی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتەكەی و پڕكردنەوەی وەزارتە بەتاڵەكان، لە كۆبوونەوەكە تاوتوێی چەند دۆسیەیەكی گرنگی ئابووری كرا و ئاماژەی ئەرێنی هەبوون، بە مەبەستی پاڵپشتیكردنی سەقامگیریی دارایی و كاروانی چاكسازیی ئابووری.

دوێنێ دووشەم چوارچێوەی هاوئاهەنگی كۆبوونەوەی خولیی خۆی لە نووسینگەی عەمار حەكیم بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ساز كرد، لە كۆبوونەوەكە چەندان پرسی گرنگ تاوتوێ كران، سەرۆك وەزیرانی عێراق دیدی خۆی بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی ئابووری خستە روو، كە جێگەی رەزامەندی و پاڵپشتیی لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو، چوارچێوەكە دووپاتی كردەوە كە سەرجەم هێزە سیاسییەكان لە رووەكانی پەرلەمانی و سیاسی و میدیاییەوە پاڵپشتیی حكوومەت دەكەن بۆ سەرخستنی بەرنامە چاكسازییەكەی، هەروەها دووپات لە پێویستیی خێراكردنی هەنگاوەكان بۆ تەواوكردنی كابینەی ویزاری لە نزیكترین كاتدا كرایەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل