نرخی نەوت دابەزی

:: PM:10:22:09/06/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیرانی 2026، نرخی نەوت دابەزینی بەخۆوە بینی، ئەمەش لەگەڵ بووژانەوەی ئومێدەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی خێرا بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە نزیک سەعات 16:30 بە کاتی گرینج، نرخی بەرمیلێک خاوی برێنتی دەریای باکوور بۆ ڕادەستکردنی مانگی ئاب بەڕێژەی 4.27% دابەزی و گەیشتە 90.23 دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت دابەزی بۆ 89.57 دۆلار کە نزمترین ئاستییەتی لە دوای 17ی نیسانی ڕابردووەوە. هاوکات نرخی بەرمیلێک خاوی ڕۆژئاوای تێکساسی ئەمەریکی بۆ ڕادەستکردنی مانگی تەمووز، بەڕێژەی 5.10% دابەزی و گەیشتە 86.64 دۆلار.

بەیانیی ئەمڕۆش، گرێبەستە ئاییندەییەکانی خاوی برێنت 91 سەنت دابەزی کە دەکاتە 1% و گەیشتە 93.34 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا گرێبەستەکانی خاوی ئەمەریکی 1.13 دۆلار یان 1.2% دابەزی و گەیشتە 90.17 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. ئەم دابەزینە نوێیەش دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمڕۆ سێشەم دووپاتی کردەوە کە دانوستانکاران گەیشتوونەتە "قۆناغەکانی کۆتایی" لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، لە کاتێکدا بۆردمانە یەک لەدوای یەکەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە ڕۆژی دووشەمەوە وەستاون، کە ئەمەش پاڵنەرێکی نوێی بەخشییە هەوڵە دیپلۆماسییەکان.

ئارنی لۆمان ڕاسموسن، شیکەرەوە لە کۆمپانیای "گڵۆباڵ ڕیسک مانیجمێنت" پێی وایە کە "بازاڕەکان متمانەیان بە چارەسەرێکی خێرا هەیە"، ئاماژەی بەوەش دا کە مەیلی دابەزینی نرخەکان دەکرێت بەهۆی کەمبوونەوەی هاوردەی نەوتی چینەوە بێت بەڕێژەی 29% لە ماوەی یەک ساڵدا، هەروەها دابەزینی بەڕێژەی نزیکەی 50% بەراورد بەو ئاستانەی لە سەرەتای ساڵدا تۆماری کردبوون.

لەلایەکی ترەوە، کارستن فریتچ شیکەرەوە لە بانکی "کۆمێرتس بانک" دەڵێت، زیادبوونێکی بەرچاو لە هەناردەی نەوتی ئەمەریکا دەبینین، ئەمەش بەشدارە لە هێشتنەوەی نرخەکان لە ئاستێکی نزمدا.

لە کۆتاییدا کاثلین بروکس، بەڕێوەبەری توێژینەوەکان لە گرووپی "ئێکس تی بی" دووپاتی کردەوە کە کردنەوەی گەرووی هورمز هێشتا هۆکاری یەکلاکەرەوەیە بۆ بازاڕی نەوت، و بەبێ ئەو هەنگاوە دابەزینی نرخەکان زۆر سنووردار دەبێت.


وشە - پۆڵا مەحموود