"داماڵینی چەك لە عێراق بەردەوامە بڕیاری تەناهی بە دەست زەیدییە"

:: PM:10:54:09/06/2026 ‌

پرۆسەی داماڵینی چەكی میلیشیاكان لە عێراق لە 27ی مانگی رابردوو دەستی پێ كرد، كاتێك لە دوای یەك هەرسێ میلیشیای سرییەكانی سەلام و عەسائیب ئەهلولحەق و كەتیبەكانی ئیمام عەلی دەستكردنیان بە داماڵینی چەكەكانیان و رادەستكردنی بۆ حكوومەت راگەیاند، گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئاماژە دەكات كە پرۆسەكە گەیشتووەتە ئەوپەڕی و هیچ بژارەیەك لە دەرەوەی یاسا نییە.

سەباح نوعمان گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق گوتی، ئەمڕۆ عێراق دەست بە قۆناغی یەكلاكردنەوەی سەروەری تەواوەتی دەكات لە رێگەی كاراكردنی ستراتیجیەتی تەواوكاریی تەناهی و ناوەندیی بڕیاری تەناهیی فەرمیی دەوڵەت، لیژنەی ناوەندیی باڵا كە بە فەرمانی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی هێزە چەكدارەكان دامەزرا، چەك و كەرستەی سەربازی و جبەخانە و سەربازگەكانی لە كەرتی سامەرا رادەست كرا، وەك ئاماژەیەك بۆ پچڕانی هەر وابەستەیەكی سیاسی و پێوەندیكردنی خۆویستانەی هێزە چەكدارەكان بە دەزگا تەناهییەكانەوە، لەگەڵ پاراستنی شایستە داراییەكانی شەڕوانان بە رێگە فەرمییەكانەوە.

روونی كردەوە، ئەو هەنگاوە ناوخۆییە هاوكاتە لەگەڵ هەنگاوێكی دەرەكی بە كۆتاهێنان بە ئەركی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە كۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو و گۆڕان بەرەو هاوبەشیی هاوتای دووقۆڵی كە رێز لە سەروەریی تەواوی عێراق بگرێت، دووپاتی كردەوە كە داماڵینی چەك گەیشتووەتە ئەوپەڕی و هیچ بژارەیەك بۆ چەكی یاسایی نییە، هاوكات لەگەڵ بەهێزكردنی پێگەی هێزەكانی پێشمەرگە وەك كۆڵەكەیەكی دەستووری جیانەكراوە لە بەرگری و پرۆسەی سیاسی و پابەندی بە چاودێریكردنی ماڵباتی شەهید و بریندارەكانیان.

نوعمان دووپاتی كردەوە، ئێستە بڕیاری تەناهی لە عێراق یەك خراوە و بە دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراقە، بە هیچ شێوەیەك رێگە بەوە نادەین لە خاكی عێراقەوە هێرش بكرێتە سەر دراوسێكان، هەروەها رێگەش نادەین دەست بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ببرێت و دەست لە كاروباری ناوخۆییمان وەربدرێت، عێراق ئامادەیە بۆ سەپاندنی ئەو هاوسەنگییە بە هەموو ئامرازە سەروەرییەكانی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل