ترەمپ لە هەڕەشەکانی بۆ سەر ئێران پاشگەز دەبێتەوە: ڕووداوی هێلیکۆپتەرەکە شتێکی گەورە نییە

:: PM:11:41:09/06/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم نۆی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا تۆنی قسەکانی سەبارەت بە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرە ئاپاچییە ئەمەریکییەکەی نزیک گەرووی هورمز نەرم کرد و دووپاتی کردەوە کە فڕۆکەوانەکان هیچ زیانێکیان پێ نەگەیشتووە و ڕووداوەکە "شتێکی گەورە نییە". ئەمەش پاشگەزبوونەوەیەکی بەرچاوە لەو هەڕەشە توندانەی کە لە یەکەم ڕاگەیاندنی ڕووداوەکەدا کردبووی.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" گوتی، ڕووداوی هێلیکۆپتەرە ئاپاچییەکە شتێکی گەورە نییە و فڕۆکەوانەکان سەلامەتن. هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە گەمارۆکان وا دەکەن ئێران زۆر هەژار بێت و تا ئەو کاتەی پێویست بکات بەردەوام دەبن.

سەرۆکی ئەمەریکا زیاتر گوتی، تیمە سەربازییەکە سەلامەتن و ڕزگار کراون، سەلامەتیی فڕۆکەوانەکان لەپێشینەی مامەڵەکردنە لەگەڵ ڕووداوەکەدا". ئەم قسانە چەند سەعاتێک دوای ئەوە هاتن کە پێشتر باسی لە پێویستیی وەڵامدانەوە بۆ ئەوەی ناوی نابوو "هێرش" کردبوو.

لەلایەکی ترەوە، سوپای ئەمەریکا ڕای گەیاند کە درۆنێکی دەریایی توانیویەتی فڕۆکەوانەکان بدۆزێتەوە و ڕزگاریان بکات، دوای ئەوەی هێلیکۆپتەرەکە لە کاتی ئەنجامدانی دەورییەکدا لە ئاوەکانی نزیک کەناراوەکانی عومان کەوتووەتە خوارەوە، و دووپاتیشی کردەوە کە باری تەندروستییان جێگیرە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە هەوڵە سیاسییەکان بۆ چەسپاندنی هێوربوونەوە لە نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن، ئەمەش لە ناو ئاماژەی جیاواز سەبارەت بە داهاتووی دانوستانەکان و ئەو دۆسیانەی کە هێشتا لە نێوان هەردوولادا یەکلا نەکراونەتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود