ئیرەم نیوز: تەلەڤزیۆنی ئێران دیمەنی تەقینەوەی ئەتۆمی پەخش كردووە

:: PM:12:45:10/06/2026 ‌
ماڵپەڕی ئیرەم نیوزی ئیماراتی بڵاوی كردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران، دیمەنی تەقینەوەی ئەتۆمی لە ناوەڕاستی شارێك پەخش كردووە، تا ئێستەیش هیچ روونكردنەوەیەكی فەرمی لەسەر دەركەوتنی ئەو دیمەنە نەدراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ی حوزەیران، ماڵپەڕی ئیرەم نیوزی ئیماراتی بڵاوی كردووەتەوە، كەناڵی تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران لە كاتی پێشكەشكردنی گەشتی هەواڵی سێیەم لە بەرەبەیان، چەند دیمەنێكی لاسایی تەقینەوەی ئەتۆمی لە ناوەڕاستی شارێك پەخش كردووە، ئەمە لە كاتێكدا هەواڵێكی ئابووری پێشكەش دەكرا.

دوای دەركەوتنی دیمەنەكە، پەیامێك ماتەمینی بۆ بەندەر عەباس هاتووەتە سەر شاشەی كەناڵەكە كە هاوكات بووە لەگەڵ هێرشەكانی ئەمەریكا بۆ سەر باشووری ئێران.

ئیرەم نیوز دەڵێ‌، "تا ئێستە دەستەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران هیچ روونكردنەوەیەكی لەسەر هۆكاری پەخشكردنی ئەو دیمەنانە و واتەكەی نەداوە". دەشڵێ‌، "دەركەوتنی ئەو دیمەنە لەسەر كەناڵە ئێرانییەكە گومان و پرسیاری دروست كردووە".
 
 





وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل