وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەمڕۆ رای گەیاند، سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەكانی تەنیا لە شەوی رابردوودا، توانیویانە 326 فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی ئۆكراینی تێكبشكێنن، ئەویش لە تەواوی بەرەكانی جەنگ كە چەندان كەرت دەگرێتەوە.
پێگەی ئەلیكترۆنیی رۆژنامەی رۆژانەی
"ئەهرام"ی میسری، ئەمڕۆ چوارشەم 10ی حوزەیران بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی بەرگریی رووسیا كە ئاژانسی هەواڵی رووسی بڵاوی كردووەتەوە، سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەكانی سوپای رووسیا، تەنیا لە شەوی رابردوودا توانیویانە 326 درۆنی ئۆكراینی لە تەواوی بەرەكانی جەنگدا تێكبشكێنن.
بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئەو ناوچە و كەرتانەی ئۆكراینا ویستوویەتی بە درۆن هێرش بكاتە سەریان و تێكشكێنراون، بریتین لە ناوچەكانی بێلگۆرۆد، بریانسك، فۆلگۆگراد، فۆرۆنیچ، كۆرسك و كالۆكا، هەروەها كەرتەكانی لیبیتسك و نیجنی و نۆڤگۆرۆد.
هەروەها لە ئاسمانی ناوچەكانی رۆستۆڤ، ریازان، سامارا، ساراتۆڤ، سمۆلینسك، ئۆریۆل، تفیر و تولا و ئۆلیانۆڤسك، لەگەڵ هەرێمی كراسنودار و ناوچەی مۆسكۆ و دوورگەی كریما و دەریای رەش، درۆنی ئۆكراینیی تێكشكاون.
جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.
بەڵام لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وەك سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستبەكار بوو، رۆڵی سەرەكی بینی وەك ناوەندگیر بۆ دەستپێكردنی دانوستانی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا. ئێستەیش دانوستان بەردەوامە و ژمارەیەك دیلیان گۆڕیوەتەوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی وەستانی جەنگەكە.