وڵاتانی كەنداو هەموو هەوڵێكی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەدەن بۆ ئەوەی شەڕ لە ناوچەكە دەست پێ نەكاتەوە و لە بری ئەوە ئێران و ئەمەریكا دەست بە دانوستان بكەن و بە لایەنی كەم لەسەر وەستانی شەڕ رێك بكەون و دۆخی ناوچەكە ئاسایی ببێتەوە و گەرووی هورمز بكرێتەوە، بەتایبەتی قەتەر كە لە دوای وتوێژ لەگەڵ ئەمەریكییەكان سەردانی ئێرانیان كرد.
بەپێی
سەرچاوەیەكی ئاگەدار، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم شاندێكی دانوستانكاری قەتەر سەردانی تارانیان كرد، وەك هەوڵێك بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی و نەهێشتنی بۆشاییەكان، ئەو سەردانە لە دوای گفتوگۆكردن لەگەڵ ئەمەریكا هات، بەرپرسێكی ئەمەریكیش ئاشكرای كرد كە سەرەڕای هەڕەشەكانی سەرۆك ترەمپ، دانوستانەكان ناراستەوخۆ لەگەڵ ئێران بەردەوامن.
ئەمڕۆ چوارشەم كەناڵی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكای گواستەوە، ئەگەری هەیە هێرشەكان بۆ سەر ئێران دەست پێ بكەنەوە و دامەزراوەكانی وزە و پردەكانی ئێران بگرێتەوە، ئێران كاتێكی زۆری كوشت بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، بۆیە ئەگەر دانوستانەكان بەربەستیان تێ بكەوێت، رەنگە فەرمانی هێرشكردن بدەم، ئەوان هەلێكیان بۆ واژووكردنی رێككەوتن و مانەوە لەپێش بوو.
دوای كەوتنەخوارەوەی هەلیكۆپتەرێكی ئەمەریكی لە ئاسمانی گەرووی هورمز لە دووشەمی رابردوو، دوێنێ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە لێكۆڵینەوە دەكەن و ئەگەر ئێران لەپشت رووداوەكە بێت سزای دەدەن، دەركەوت كە ئێران ئەو كارەی كردووە و ئەمەریكاش چەند هێرشێكی كردە سەر ئێران و ئێرانیش بە كردنەئامانجی ئوردن و بەحرێن و كوێت وەڵامی دایەوە.