زەیدی لە سەردانەكەی بۆ واشنتن بە نیازی چییە؟

:: PM:06:31:10/06/2026 ‌

لە دوای دیاریكردنی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران و راسپاردنی لە پەرلەمان و متمانەوەرگرتنی كابینەكەی لە ماوەیەكی پێوانەیی لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد و بانگەشەی واشنتنی كرد، بۆیە بڕیارە لە ماوەیەكی كەمی داهاتوو زەیدی سەردانی ئەمەریكا بكات، سەرچاوەیەك باسی چەند بڕگەیەكی سەردانەكەی دەكات.

سەرچاوەیەك لە حكوومەتی عێراق رای گەیاند كە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی زەیدی بۆ واشنتن چەند تەوەرێك لەخۆ دەگرێت، لەوانە پێكهێنانی هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیا ناوبانگە ئەمەریكییەكان و بەرزكردنەوەی تێكڕای هەناردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمەریكا تا ئاستی نیو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە. 

سەرچاوەكە ئاماژەی كرد، زەیدی لەو سەردانەی چەند دۆسیەیەكی گرنگ دەبات كە چارەسەری تەنگژەكانی وڵات دەكەن، لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریكا تاوتوێیان دەكات، لەوانە هەناردەكردنی نیو ملیۆن بەرمی نەوتی رۆژانە بۆ ئەمەریكا، لە بەرانبەر هاتنی كۆمپانیا ئەمەریكییە گەورەكان و چارەسەركردنی كێشە سەختەكانی لە عێراق هەن لەوانە كەمیی كارەبا، جیا لە كەرتەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و هیتریش.

دووپاتی كردەوە، ئەو هاوبەشیەش بەپێی كات و بەهای دارایی دیار و رێككاری پابەند بۆ هەردوولا دەبێت، داهاتی ئەو نەوتەی دەدرێتە ئەمەریكا بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی پەرەپێدانی ئابووری و خزمەتگوزاری و گەشتوگوزار خەرج دەكرێت، ئەو هاوبەشییە بە شێوەیەكی ئەرێنی كاریگەری لەسەر ئاراستەی سیاسی و ئابووریی حكوومەت دەبێت، لە رێگەی پێشخستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل