لە عێراق هاوین و گەرما و بێكارەبایی بوونەتە دووانە و بەیەكەوە هێرش دەكەنە سەر هاووڵاتییان، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین، بێكارەبایی عێراقییەكان توڕە دەكات و بێهوودە دەیانهێنێتە سەر شەقامەكان، لە بەسرە خەڵكی ناڕازی هاتنە سەر شەقام و رێگە سەرەكییەكانیان بە سووتانی تایە داخست، ئەوەش دوای ئەوەی پارێزگاكەیان بەهۆی كەمیی كارەبای بەرهەمهاتوو دەستی بە جێبەجێكردنی سیستمی دان و پچڕانی پێڕەو كرد.
ئەمڕۆ چوارشەم گەڕەكی حوسێن لە ناوەڕاستی بەسرە خۆپێشاندانێكی توڕەی بەخۆیەوە بینی، هاووڵاتییان بە سووتانی تایە چەند رێگە و شەقامێكی سەرەكییان داخست، وەك ناڕەزایەتی بەرانبەر بە كەمبوونەوەی سەعاتەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی و جێبەجێكردنی سیستمی پێدانی بە نۆرە بەهۆی زیادبوونی لۆدی سەر تۆڕی كارەبا.
بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگەدار تێكڕای بەرهەمهێنانی كارەبا لە بەسرە 3397 مێگاواتە، لەوكاتەی پێویستیی رۆژانە گەیشتووەتە 3665 مێگاوات، لەگەڵ پچڕانی كارەبای هاتوو لە ئێرانەوە، بۆیە بەهۆی جیاوازی لە كارەبای بەرهەمهاتوو و بەكارهاتوو و پێویست، پارێزگاكە بە ناچاری سیستمی دابەشكردنی گۆڕی و دوای چوار سەعات لە پێدانی كارەبا دوو سەعات دێتە پچڕان، ئەوەش توڕەییەكی گەورەی دروست كردووە، بەتایبەتی لە ناوچە قەرەباڵغەكانی وەك گەڕەكی حوسێن.